سەرچاوەکانی ئاوی کەرکووک: بەهۆی کەمئاوییەوە پلانی کشتوکاڵی هاوینەمان نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمئاوییەوە، پارێزگای کەرکووک پلانی هاوینەی کشتوکاڵی نییە و دەست بە ئاوەوە دەگرێت و تەنیا بۆ خواردنەوە و بەشێک لە کێڵگەکان دابەشی دەکات.
زەکی کەریم، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی کەرکووک رۆژی یەکشەممە 18-06-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دۆخی ئاوی پارێزگای کەرکووک گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، ئەو بڕە ئاوەی کە لە بەنداوی دووکان بەردەدرێتەوە جێگیرە و لەگەڵ دۆخی ئێستا گونجاوە.
بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی کەرکووک باسی لەوەش کردووە، ئەو بڕە ئاوەی دەگاتە کەرکووک تەنیا بۆ خواردنەوە و ئاودانی هەندێک کێڵگە بەکاردێت. گوتیشی، "پلانی کشتوکاڵی هاوینە لە کەرکووک نییە، دەکرێت ئاوەکە کۆگا بکرێت. وێڕای کەمیی باران و ئاوی هاتوو، بەڵام کێشەی ئاوی خواردنەوەیان نییە."
رۆژانى 6 و 7ی مانگى ئایارى رابردوو، سێیەم کۆنگرەى نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ ئاو بۆ تاوتوێکردنى پرسی ئاو و وشکەساڵى بەڕێوەچوو.
عۆن زیاب عەبدوڵڵا، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، باسی کۆنگرەی ئاوی لە عێراق کرد و گوتی، "پێش سێ ساڵ دەستمان بە کۆنگرەیەکی ساڵانە بەناوی کۆنگرەی بەغداد بۆ ئاو کرد، ئەم کۆنگرەیەیان سێیەم کۆنگرەیە کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بوو لە رۆژانی 6 و 7ی ئەم مانگە و لەژێر چاودێریی سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو."
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی، لە رووباری دیجلە تورکیا پابەندە بە بەردانەوەی ئاو ب ەشێوەیەکی باش و پەسندکراو، "بەڵام لە رووباری فورات 50% وەردەگرین، پرسیارمان لێکردوون وەڵامەکەیان ئەوە بوو کە فورات بە شێوەیەکی تووند رووبەڕووی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان بووەتەوە."
ئەو وەزیرەی حکومەتی عێراق پێیوایە رۆشنبیریی خەڵک هێشتا هەڕەمەکییە لە بەکارهێنانی ئاودا و "پێویستە بگۆڕدرێین". دەشڵێت، "هەوڵدەدەین بۆ دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوە و بەکارهێنانی مرۆیی، لەگەڵ دەستەبەرکردنی ئاوی قورس بۆ بێستانەکان و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی سەوزە و میوە."
ئێستا کە پشکی عێراق لە سەرچاوەکانی ئاو لە وڵاتانی دەوروبەر بە رێژەی 70% بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمبووەتەوە، ترس و نیگەرانیی وشکبوونی ناوچەکە و نەمانی بەرهەمی ئەو برنجە و فراوانبوونی شەپۆلی کۆچکردن بەرەو شارەکان، تادێت زیاتر دەبێت.