حکومەتی هەرێمی کوردستان دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکات

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و سێ بڕگە تاوتوێ دەکات. یەکێکیان تایبەتە بە دوایین پێشهاتە "سیاسی، سەربازی و ئەمنییەکانی" ناوچەکە.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 18-06-2025 بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەدەچێت. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سێ بڕگە تاوتوێ دەکرێن. 
 
لە بڕگەی یەکەم دا "دوایین دۆخی ناوچەكە، شەڕ و ئاڵۆزی، پێشهاتە سیاسی، سەربازی و ئەمنییەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان" تاوتوێ دەکرێت. 
 
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پێشنیازی وەزارەتی ناوخۆ بۆ درێژکردنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچی هاتووچۆ بە رێژەی 20٪ و بۆ 6 مانگی داهاتوو. 
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، بڕگەی سێیەم تایبەتە بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ژمارە 159 تایبەت بە "دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژی پزیشكیی گشتی و خستنەڕووی وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر ئەم بابەتە بە نووسراویان ژمارە 1162 لە 9ی نیسانی 2025."