حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان: شەڕی ئێران و ئیسرائیل بەردەوام بێت گەشتەکان دەستپێناکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو شەڕی ئێران و ئیسرائیل بەردەوام بێت، گەشتی عومرە لە رێگەی ئاسمانی و وشکانی دەستپێناکاتەوە.
 
کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتی عومرە، دەبێت دۆخی فڕۆکەخانەکان ئاسایی ببنەوە، تاوەکو شەڕی ئێران و ئیسرائیل بەردەوام بێت گەشتی عومرە لەڕێگەی ئاسمانی و وشکانی دەستپێناکاتەوە."
 
گوتەبێژەکەی حەج و عومرە جەختی لەوەش کردەوە، "لە ئاییندەیەکی نزیکدا، رێنوێنییەکانی نوێکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە بڵاودەکەنەوە و دەبێت هەموو کۆمپانیاکان گرێبەستی کارکردنیان لەگەڵمان نوێ بکەنەوە."
 
"ئەگەری هەیە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو رێنوێنیی تایبەتی کارکردنی کۆمپانیاکان بڵاوبکەینەوە، بۆئەوەی گرێبەستەکانیان نوێ بکەنەوە، تاوەکو کە شەڕ کۆتاییهات دەست بە گەشتەکانیان بکەنەوە،" کاروان ستونی ئەمەیشی بە رووداو گوت.
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 390 کۆمپانیای تایبەت بە حەج و عومرە هەن.