عەلی حەمە ساڵح: درێژکردنەوەی ویلایەتی بارزانی پەیوەندی بە دەستوورەوە نەبووە

رووداو- هەولێر

ئەندامێکی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێ درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە دەستوورەوە نییە، راشیدەگەیەنێت "ئەگەر پەیوەندی بە دەستوورەوە هەبوایە لەم خولەی پەرلەمان هەموواریان دەکردەوە و نەدەسپاردە دەستی 36 حزب، کە 29 لەو حزبانە سەر بە پارتین".

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان بەشداری بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی (رووداو)ی کرد و رایگەیاند "ناکرێ ئەو حزبانەی قایمەی پەرلەمانیان نییە، بخرێنە چوارچێوەی سازانی نیشتیمانییەوە، چونکە 29 لەو حزبانە سەر بە پارتین، یان وەک ئەو بیر دەکەنەوە یاخود پارتی خۆی دروستی کردوون".

عەلی حەمە ساڵح سەبارەت بە گونجاوی بارزانی بۆ درێژکردنەوەی ویلایەتەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە دەپرسێت "لە 17 شوبات هاووڵاتیان کوژران، سەرۆکی هەرێم هەڵوێستی چی بوو؟ سەرۆکی هەرێم پڕۆژە بڕیارێکی بۆ چاکسازی و گێڕانەوەی موڵکی گشتی و زەویوزار راگەیاند، کوا بەرهەمی ئەو پڕۆژە چاکسازییە؟". بۆچوونی ئەو "کاک مەسعود لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا نەیتوانییوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکبخات، لەکاتێکدا خۆی سەرۆکی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستانە".

گوتیشی "راستە سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆرینەی دەنگی لە هەڵبژاردنی سالی 2009 بەدەستهێنا، بەڵام ئەم زۆرینەیە بۆ پێش 20/8/2013یە نەک بۆ دواتریش".

ئاماژەی بەوەشدا، کێشەی ئێمە ئەوە نییە مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، بەڵکو کێشەی ئێمە ئەوەیە بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە کاک مەسعود سەرۆکی پارتییە و جار جارەش مراعاتی یەکێتی کردووە".

لە وڵامی یەکێک لە فانەکانی پەیجی رووداو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، عەلی حەمە ساڵح گوتی "ئەگەر یەکێتی و پارتی بیانەوێ قەبارەی ئۆپۆزیسیۆن کەمبکەنەوە، ئەم دۆخە بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە وەک خۆی بهێڵنەوە و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوە نابەن، ئەوا یەکێک لە بژاردەکانی بەردەم لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان دەبێت، ئەو کاتەی ئەوان دەچن بۆ دەنگدان ئێمە لەسەر جادە دەبین".