فاروقی مەلا مستەفا: دەتوانین بەپێی ستاندارتی نێودەوڵەتی چارەسەری مام جەلال بكەین

رووداو- هەولێر
 
بەپێی راگەیاندنی نووسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق ، مام جەلال سەرۆك كۆماریی عێراق و سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ، سبەی دەگاتەوە هەرێمی كوردستان . نەخۆشخانەیەكی سلێمانیش دەڵێ ئەوان دەتوانن بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەكان درێژە بە چاودێریكردنی مام جەلال بكەن .

فاروقی مەلا مستەفا، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی گرۆپی كۆمپانیاكانی فاروق ، كە ماوەیەك پێش ئێستا نەخۆشخانەیەكی ئاست بەرزی لە سلێمانی كردەوە، بەناوی شاری پزیشكی فاروق ، پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو ئەگەر تاڵەبانی بگەڕێتەوە دەتوانن لە نەخۆشخانەكەیان چارەسەری بۆ بكەن ، چونكە وەك خۆی باسیدەكات "نەخۆشخانەكەمان جەناحی ریئاسی تێدایە".

جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە 17/12/ 2012، تووشی جەڵتەی مێشك بوو ، كە بەپێی هەندێ زانیاری جەڵتەی دڵیش لێیدابوو ، بەڵام وەك پێدەچێت ئێستا دۆخەكەی گەیشتووەتە ئەوەی كە پزیشكەكانی لە ئەڵمانیا رێگەی دەرچوون لە نەخۆشخانە و گەڕانەوە بۆ كوردستانی پێبدەن .

رۆژی 3/4/2014 سێ وێنەی نوێی تاڵەبانی لە رێگەی میدیاكانی یەكێتی بڵاوكرانەوە، كە لە 20/3/2014 لە شاری بەرلین گیرابوون . دوای ئەوە هەندێ وێنەی دیكەی بڵاوكرانەوە، ئینجاش ئەمساڵ بەشداریی لە دەنگدانی پەرلەمانی عێراقدا كرد لە بەرلین .

لەتیف رەشید، كە ئاوەڵزاوای مام جەلالە و بۆی هەبووە سەردانی بكات لەكاتی نەخۆشكەوتنیدا ، ئاماژە بەوە دەكات كە لەو رۆژەدا كە وێنەی مام جەلال گیران و بۆ بڵاوكردنەوە گیرابوون "دڵی زۆر خۆشبووە و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لێكردووین و رۆژێكی زۆر خۆشمان بەسەربرد".

پێشتریش قوباد تاڵەبانی، كوڕی جەلال تاڵەبانی گوتبووی كە حەزدەكات باوكی بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.
 
ئامادەن چارەسەری مام جەلال بكەن
 
فاروقی مەلا مستەفا، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی گرووپی كۆمپانیاكانی فاروق، تەواوی ئامادەیی و توانای نەخۆشخانەكەیانی نیشاندا بۆ چارەسەركردنی تاڵەبانی و بە (رووداو)ی گوت "نە یەكێتی و نە بنەماڵەی بەڕێز مام جەلال و نەهیچ لایەنێك پەیوەندی بە ئێمەوە نەكردووە كە بەشێك لە نەخۆشخانەكەی ئێمە بۆ شوێنی پشوودانی مام جەلال تەرخانبكرێت".

فاروقی مەلا مستەفا ئەوەشیگوت "راستە ئێستا نەخۆشخانەیەكمان دروستكردووە كە چەند رۆژێكی دیكە دەكرێتەوە چوار جەناحی (رۆیال-مەلەكی)ی تێدایە، نەخۆشخانەكە بەگشتی دەتوانێ باشترین خزمەتی تەندروستی بەپێی ستاندارتی نێودەوڵەتی پێشكەش بكات. ئەگەر مام جەلالیش بگەڕێتەوە دەتوانین لەو نەخۆشخانەیەدا چارەسەری بۆ بكەین كە پێشكەوتووترین ئامێر و پزیشكی تێدایە".

فاروقی مەلامستەفا ، ئەمڕۆش بە (رووداو)ی راگەیاند "ئێمە هەموو توانایەكمان بۆ ئەوەی وەك ئەوروپا لەكاتی پێویستدا چارەسەری بۆ مام جەلال بكەین ، بەڵام تائێستا لە هاتنەوەی مام جەلال و تەرخانكردنی بەشێك بۆی ئاگادار نەكراوین ".