لە شنۆ مێرمنداڵێکی 14 ساڵ لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی هەینی 14ی تەممووزی 2023 مێرمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ بەناوی موحسین شابۆیی، خەڵکی گوندی "شاوانە"ی سەر بە شاری شنۆ، دەستبەسەر کراوە.
ئەو مێرمنداڵە برازای سیامەند شابۆیی، چالاکڤانی سیاسی و ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە، کە رۆژی سێشەممە 12ی تەممووز لە شاری هەولێری هەرێمی کوردستان کوژرا.
هەروەها پێشتریش دوو برای سیامەند شابۆیی بە ناوەکانی حوسێن و کۆمار، کوڕە 14 ساڵانەکەی سیامەندیش لە شاری شنۆ، دەستبەسەر کرابوون.
تائێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی موحسین شابۆیی و هەروەها بارودۆخ و شوێنی گیرانەکەی بەردەست نییە.