لە سلێمانی و هەڵەبجە رەزامەندی درا بە لێخۆشبوون بۆ 15%ی قەرزی کارەبا
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای چەند ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دا بۆ ماوەی سێ مانگ 15% لە کرێی قەرزی کارەبای هاونیشتمانییانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە خۆش بێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی دەڵێت، لە یەکشەممەی داهاتووەوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەنیا ماڵان دەگرێتەوە.
10ـی نیسانی 2023، ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و داوایان کرد، بۆ ماوەی سێ مانگ لە 15%ـی قەرزی کارەبای هاونیشتمانییانی سنوورەکە خۆش بێت. بە نووسراوێکی دیکە کە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستانی لەسەرە و ئەمڕۆ ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە، ئاماژەی بە رەزامەندبوونی ئەنجوومەنی وەزیران بە بڕیارەکە کردووە.
رۆژی سێشەممە، 18ـی تەممووزی 2023، کاستۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارەکە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا دەکرێت بۆ جێبەجێکردن.
کاسترۆ مەعروف کە یەکێکە لەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی واژۆی داواکارییەکەی کردووە، گوتی، "بڕیارەکە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە؛ ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان دەگرێتەوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی گوتیشی، هاونیشتمانییان بەهۆی ناڕێکیی وەرگرتنی مووچە و ئەو دۆخەی هەیە، قەرزداری کۆنی کارەبان و ئێستا کاتێک مامەڵەیەکی کارگێڕی دەکەن، داوای ئەستۆپاکی و دانەوەی قەرزەکانیان لێدەکرێت، لەسەر ئەو بنەمایە داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بڕیارەکە بدات بۆ سووککردنی قەرزی کارەبا لەسەر هاونیشتمانییان.
هاوکات سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارەکە لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە".
سیروان محەممەد گوتیشی، "بڕیارەکە تەنیا پوولی ماڵان دەگرێتەوە؛ تەنیا ئەو قەرزەش دەگرێتەوە کە لای کەسەکەیە، هاونیشتمانییەکە کاتێک قەرزەکەی هێنایەوە چەند قەرزی دایەوە لەو بڕەی دەیداتەوە 15% داشکاندنی بۆ دەکرێت".
ساڵانی رابردوو چەند جارێک وەزارەتی کارەبا بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ـی قەرزی کارەبای لە هەموو هەرێمی کوردستان دەرکردووە، بەڵام دوای ئەوەی مانگی حوزەیرانی رابردوو دوایین ماوەی درێژبوونەوەی لێخۆشبوونەکە کۆتایی هات، وەزارەتەکە کۆتایی بە لێخۆشبوونەکە هێنا.