لە پیرانشار تەقینەوەیەک روویدا و سێ کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەیەک لە گوندێکی سەر بە پیرانشاری پارێزگای ورمێ، سێ کەس بریندار بوون. بەرپرسی فریاکەوتنی شارەکە دەڵێت، رووداوەکەوە بەهۆی لێچوونی گازی ماڵان بووە.
رووداوەکە دوێنێ پێنجشەممە 18-07-2025، لە گوندی ترکەشی سەر بە پیرانشاری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە، کە تێیدا سێ ئەندامی یەک خێزان بریندار بوون.
ئیبراهیم عەزیزنەژاد، بەرپرسی فریاکەوتنی پیرانشار لەوبارەوە رایگەیاند، لە تەقینەوەکەدا پیاوێک، ژنێک و منداڵێک بە سەختی سووتاون کە بەهۆی زۆریی برینەکانیانەوە، گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ورمێ.
عەزیزنەژاد ئاماژەی بەوەدا، لێکۆڵینەوەی زیاتر لە رووداوەکە دەکرێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لێچوونی گازی ماڵان هۆکار بووە بۆ تەقینەوەکە و سووتان و برینداربوونی ئەو هاونیشتمانییانە.
گوندی ترکەش دەکەوێتە بەری مەنگوڕایەتیی سەر بە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان کە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکەوە دوورە.