کشتوکاڵی دهۆک: بەرهەمی ترێی ئەم ساڵمان 60 هەزار تۆنە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، ترێی سنوورەکەیان پێگەیشتوووە و بۆ ساخکردنەوەی لە بازاڕەکاندا هاوردەکردنی ترێیان قەدەخە کردووە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ترێ لە سنووری پارێزگاکەمان پێگەیشتووە، پێشبینی دەکەین بەرهەمی ئەم ساڵ بگاتە 60 هەزار تۆن".
لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 100 جۆری ترێ هەیە، ترێی رەش، کەمالی و تایفی لە دیارترین جۆرەکانن.
ساڵانی رابردوو باخەوانەکانی دهۆک کێشەی ساخکردنەوەی ترێیان هەبوو، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ دەڵێت: "ئەم ساڵ دوو کارگەی گەورە کراونەتەوە بۆ وەرگرتنی ترێ و کردنی بە شەربەت، ئەوەش هاوکارێکی باشی باخەوانەکان دەبێت".
یەکێکی دیکە لەو رێکارانەی بۆ ساخکردنەوەی ترێی دهۆک گیراوەتەبەر، قەدەخەکردنی هاوردەکردنیەتی. ئەحمەد جەمیل گوتی: "لە یەکـی ئەم مانگەوە هاوردەکردنی ترێ قەدەخە کراوە و قەدەخەکردنەکەش تاوەکو 15ـی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت".
زۆرترین بەرهەمی ترێ لە هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆکە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سنوورەکە دەڵێت: "هەموو ناوچەکەمان ترێی باشیان هەیە، بەڵام بەنێوبانگترینیان ترێی مانگێش و زاوێتەیە".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی باخداریی دهۆک، زیاتر لە 39 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک بە دار مێو داچێنراوە.