سبەی کۆمەڵی دادگەری کۆنگرە دەکات؛ کێ بەربژێرە بۆ سەرۆک؟
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی شەممە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، کۆنگرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەڕێوەبچێت.
د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی ئەمڕۆ بە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "907 ئەندام مافی بەشداربوونیان هەیە و کۆنگرەکە دوو رۆژ دەخایێنێت".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵ بەربژێری سەرەکییە بۆ بوونەوە بە سەرۆکی حیزبەکە.
د. بێستوون حەمەساڵح گوتی: "لە کۆنگرەدا دەرگەی بەربژێربوون بۆ سەرۆک دەکرێتەوە".
کۆمەڵی دادگەری دەیەوێت لە کۆنگرەدا تاوتوێی هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازی بەڕێوەبردنی حیزبەکەدا بکات، لەوانە "گۆڕانکاری لە پەیڕەوی نێوخۆ و ژمارەی ئۆرگانەکان."
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سبەی لە کۆنگرەدا ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و سەرۆک هەڵبژێرێت.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سەرەتا بەناوی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ساڵی 2001 دامەزرا و لە کۆنگرەی چوارەمدا ناوەکەی گۆڕی. لەکاتی دامەزراندییەوە لەلایەن عەلی باپیرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
ئەو حیزبە کوردستانییە کە تاوەکو ئەمڕۆ چوار کۆنگرەی بەستووە، لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشدا سێ کورسی بەدەستهێنا.
کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەری شوباتی 2021 بەڕێوەچوو، تێیدا عەلی باپیر هەڵبژێردرایەوە و پۆستەکەی لە ئەمیرەوە کرایە سەرۆک.