کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیاباران: دەزگایەک بۆ وەرگرتنی پارەی زیاتر، ژمارەی بریندارانی زیاد دەکرد


رووداو رادیۆ

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە رایدەگەیێنێت، لە ژمارەی بریندارانی چەکی کیمیاییدا زێدەڕۆیی کراوە و ئەو دەزگایەی کارەکەی دەکرد بۆ ئەوەی پارەی زیاتر لە کۆنسوڵخانەکان وەربگرێت ژمارەکەی زیاد دەکرد. دەشڵێت، خەڵک کراوەتە بریندار کە لە کیمیابارانەکەدا لە هەڵەبجە نەبووە و لە بەغدا بووە.
 
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی کە دەگوترێت 3000 و 5000 برینداری چەکی کیمیایی هەیە، پڕکردنەوەی ئامار بووە. کاتی خۆی ئەو نەخۆشخانەیەی ئێمە بە دەست دەزگای ژیانەوە بوو. ئەو دەزگایەیش پارەی لە کۆنسوڵخانەکان وەردەگرت. بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی بەردەوام بێت، مانگانە ئەو ژمارەیەی زیاد دەکرد. هەرکەس دەچوو فۆڕمێکیان پێدەدات و وەکو بەرکەوتە تۆماریان دەکرد بۆ ئەوەی پارەکەیان زیاتر بێت."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە گوتیشی: "دەزگای ژیان ئەو کاتە کەسێک بەرپرسی بوو کە لە هەمان کاتیشدا بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بوو. دەزگاکەی بردە ناو نەخۆشخانەی کیمیاباران و ئەو ژمارەیەی هەڵئاوساند. ئەمە یارییەک بوو کە بریندارە راستەقینەکان تێیدا بوونە قوربانی."
 
رۆژبەڕۆژ رەوشی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی خراپتر دەبێت. ئەوان کە چارەسەر وەردەگرن چارەسەری یەکجارەکییان بۆ نەکراوە و نەخۆشییەکەیان بنبڕ نەکراوە.
 
رووخۆش حەمەئەمین، بەرکەوتەی چەکی کیمیایی گوتی: "من چوار نەشتەرگەریی چاوم کردووە. لە 2012وە چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی وەستاوە. 2022/03/16 پزیشکیان لە ئێرانەوە هێنایە هەڵەبجە، بەڵام تەنیا بۆ هەڵای راگەیاندن بوو، ئەگەرنا یەک دەنکە حەبیان پێنەبوو. پشکنینیان بۆ کردین، بەڵام چارەسەرمان نەدرایە. پزیشکەکە پێیگوتم کە سییەکانم هەمووی هەویان کردووە. ئەو بەرکەوتووانەی سییەکانیان خراپ بووە چارەسەریان ئەوەیە کە بۆیان بچێنرێتەوە."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە گوتی: "ئێستا بارودۆخی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەموو کاتەکان خراپترە. حکومەت پشتوێنی شل کردووە و پشتی بە نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بەستووە و بریندارەکان پشتگوێ خراون."
 
بەپێی ئاماری کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە هەموو هەرێمی کوردستاندا 835 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەن کە بەم جۆرەیە: لە هەڵەبجە 361 کەس، لە دهۆک 11 کەس، سنووری سلێمانی لە 463 کەس هەیە. پێشتر 972 بەرکەوتە بوون کە ئەوانی دیکە وردەوردە شەهید بوون و ئێستا ئەمانە ماونەتەوە.
 
لوقمان عەبدولقادر گوتی: "ئەو ژمارەیەیش کۆمەڵێک کەسی تێدایە کە لەبەر لایەنگریی سیاسی و خزمایەتی ناویان تۆمار کراوە. خەڵک هەیە کراوە بە برینداری کیمیاباران کە لە کاتی کیمیابارانەکەدا لە هەڵەبجە نەبووە و لە بەغدا بووە. ئەگەر لیژنەیەکی پسپۆڕی بێلایەن پشکنینیان بۆ بکات، ئەوا نزیکەی 650 کەسێکیان دەمێنێتەوە. ئەم ژمارەیەیش حکومەت دەتوانیت کۆنترۆڵیان بکات و بەئاسانی پێویستی و چارەسەر و دەرمانیان بۆ دابین بکات."
 
بەشێکی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی گلەیی ئەوە لە حکومەت دەکەن کە بۆ چارەسەرکردنیان وەک پێویست بە دەمیانەوە ناچێت و ئێستا بەئاسانی دەرمانیان دەست ناکەوێت و بۆ چارەسەر نانێردرێنە دەرەوەی وڵات.
 
رووخۆش حەمەئەمین، بەرکەوتەی چەکی کیمیایی گوتی: "حکومەت زۆر بێباک و کەمتەرخەمە بەرامبەر بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی. لە 2012وە بۆ چارەسەر نەنێردراوینەتە دەرەوە. من دوای ئەوە دوو جار لەسەر گیرفانی خۆم چووم. ئێمە بەردەوام پێویستمان بە چارەسەرە نەک ساڵی جارێک لە 03/16ـدا. ئەو بریندارەیشی کێشەی سییەکانی هەبێت لە ئێران چارەسەری نییە و دەبێت بنێردرێتە ئەوروپا."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە گوتی: "پێشتر لە ئێران لای پزیشکێک چارەسەری چاومان وەردەگرت، ئێستا گوازراوینەتەوە بۆ لای پزیشکێکی تر کە وەک ئەو بەتوانا نییە. ئەوەیش لەبەر ئەوەی پارەی کەمتر وەردەگرێت. سێ بریندارمان هەیە دوای ئەوەی براون لە ئێران نەشتەرگەریی چاویان بۆ کراوە، چاویان لە دەست داوە. لەبەر ئەوەی حکومەت لە نەخۆشەکان ناپرسێتەوە و دوای نەشتەرگەرییەکە وازیان لێدەهێنن لە کاتێکدا پێویستە بەردەوام چاودێری بکرێن و سەردانی پزیشکەکەیان بکەنەوە."
 
لە هەڵەبجە نەخۆشخانەیەک بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کراوەتەوە بۆ ئەوەی بەرکەوتووەکان لەوێ چارەسەر بکرێن و دەرمان وەربگرن، بەڵام بەشێکی بەرکەوتووەکان باس لەوە دەکەن ئەو نەخۆشخانەیە خزمەتگوزاریی پێویستی تێدا نییە و ئەوانی تێدا چارەسەر ناکرێت.
 
رووخۆش حەمەئەمین گوتی: "نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی تەنیا ناوەکەی بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییە؛ بووەتە شوێنێکی بازرگانی و نەشتەرگەریی جوانکاریی تێدا دەکرێت. لەوێ کە دەچیتە لای پزیشک، پڕی رەچەتەیەک دەرمانت بۆ دەنووسێت، کاتێک دەیبەیتە دەرمانخانەکەی تەنیا دوو حەبی تێدایە کە ئەوانیش هەستیاری و ئازارشکێنن. ئێمە بە پارەی خۆمان دەرمان دەکڕین."
 
لوقمان عەبدولقادر باسی لەوە کرد کە تێچووی چارەسەر و دەرمانی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی زۆر گرانە و ئەو پارەیەی مانگانە بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەدرێت کە 400 هەزار دینارە، بەشیان ناکات و مانگانە زۆر لەوە زیاتر بە دەرمان و چارەسەر دەدەن. 
 
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە گوتی: "بەرکەوتەیەکمان لە هەولێر سێ شەو ماوەتەوە، ملیۆنێک و 300 هەزار دیناری خەرج کردووە."