ئاگر لە دارستانێکی باکووری کوردستان کەوتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئاگر لە دارستانەکانی سنووری شارۆچکەی خانێی سەر بە پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان کەوتەوە. 
 
داود ئایزید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی ئامەد رایگەیاند، کاژێر 08:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18ـی ئابی 2023، ئاگر لە دارستانەکانی سنووری شارۆچکەی خانێ لە پارێزگای ئامەد کەوتەوە. 
 
داود ئایزید گوتی، تاوەکو ئێستا رووبەرێکی هەشت هێکتاری لە دارستان و پاوانی نزیک هەردوو گوندی چوکوڕ و کویوڵار سووتاوە؛ توانراوە ئاگری سنووری گوندی کویوڵار بکوژێنرێتەوە، بەڵام ئاگر لە سنووری چوکوڕ نەکوژاوەتەوە بەهۆی ئەوەی ناوچەکە سەختە. 
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی ئامەد ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە سوود لە دوو هێلیکۆپتەر، چوار ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و سێ شۆفڵ وەردەگیرێت.
 
رۆژی 29ـی تەممووزی 2023، ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، ئەمساڵ نزیکەی شەش هەزار و 900 هێکتار دارستان و پاوان بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە لە باکووری کوردستان و تورکیا سووتاوە.
 
ساڵی رابردوو 203 ئاگر لە دارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە و بەو هۆیەوە 10 هەزار و 446 هێکتار زەویی دارستان و پووش و پاوان سووتا؛ 149 کەس برینداربوون و سێ کەس گیانیان لەدەستدا. 
 
لە ساڵی 2021دا ئاگر لە 299 دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتەوە و لە ئەنجامدا رووبەرێکی 178 هەزار هێکتاری سووتا؛ هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەسیش برینداربوون.