لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا لە باکووری کوردستان 41 کەس برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا لە پارێزگای ئێلیهی باکووری کوردستان 41 کەس برینداربوون.
شەڕەکە لە شارۆچکەی بەشیری سەر بە پارێزگای ئێلیهـ لە نێوان دوو بنەماڵەدا روویدا و لە ئەنجامدا 41 کەس برینداربوون کە تەندروستیی 6یان جێگیر نییە. 16 کەس لەوان بە چەقۆ و تەور برینداربوون.
هەرچەندە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی شەڕەکە نەزانراوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، سەرەتا دەمەقاڵە لەنێوان ژمارەیەک گەنجی هەردوو بنەماڵەکەدا لەنێو کافتریایەکدا دروستبووە و دواتر کەسوکاری زیاتری گەنجەکان تێکەڵی شەڕەکە بوون.
شەڕەکە سەرەتا بە بۆکز بووە، بەڵام دواتر پەنا براوەتە بەر چەقۆ، تەور، دار و بەرد و چەک.
تاوەکو ئێستا لایەنی فەرمی روونکردنەوەی لەبارەی هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕەکە نەداوە، بەڵام هێزەکانی پۆلیس و جەندرمە لەو ناوچەیە بڵاوەیان پێکراوە و 14 کەس دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.