ئاگرێک لە سنووری گوندەکانی دووکان کەوتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە سنووری گوندەکانی جاسەنە و سوورداش لە سنووری قەزای دووکان کەوتووەتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا، بەڵام بەهۆی رەشابەوە سەریهەڵدایەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 18ـی ئابی 2023، ئاگرێک لە سنوورێکی فراوانی گوندەکانی جاسەنە و سوورداش لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی کەوتەوە. رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئاگرەکە کاژێر 04:00ـی کەوتووەتەوە و بەردەوامە.
ئارام عەلی گوتی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن و جارێک کۆنترۆڵیان کرد، بەڵام بەهۆی هەبوونی رەشەباوە سەری هەڵدایەوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نازانن و ناشزانن چەند دۆنم زەوی پووش و پاوان سووتاوە.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو حەوت هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان هەبوون و 317 هاونیشتمانی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە لە سووتان رزگارکراون.