پارێزگاری هەڵەبجە: ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و داوای هاوکاری لە سلێمانی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، ئاگری سنوورەکەیان زیاتر تەشەنەی کردووە و بۆ کۆنترۆڵکردنی داوای هاوکارییان لە بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی کردووە.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە سازگار سەلاح، پەیامنێری رووداوی گوت: "بەهۆی پێچەوانەی ئاراستەی باوە، ئاگرەکە بەردەوامە و تەشەنەش دەکات، داوا دەکەم کەس لە ئاگرەکە زۆر نزیک نەبێتەوە، چونکە گیانی خۆیان لە هەموو شتێک گرنگترە".
پارێزگاری هەڵەبجە گوتی: "بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە پەیوەندیمان بە پارێزگای سلێمانییەوە کردووە کە هاوکاریمان بکەن".
بە گوتەی نوخشە ناسیح گوتی، هەر ئەمڕۆ تیمی فڕۆکەوانی و پۆلیسی دارستان لە سلێمانییەوە دەچنە هەڵەبجە بۆ هاوکاریکردنیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ سنوورەکەیان پێویستیان بە تیمی فڕۆکەوانی تایبەت بە خۆیانە. گوتیشی: "رووبەرێکی زۆر فراوانمان هەیە و کارمەند و میلاکمان کەمە، لە داهاتوودا لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە داوای دابینکردنی تیمی پێویست دەکەین بۆ ئەوەی رووداوی لەم جۆرە دووبارە نەبێتەوە".
ئاگرەکە دوو رۆژە ناوچەی کۆکۆیی لە رۆژهەڵاتی هەڵەبجە گرتووەتەوە، کە بریتییە لە سنووری گوندەکانی چنارە، نەیجەلە و مۆردین.
بەگوێرەی بەرگری شارستانیی هەڵەبجە بۆ رووداو، بەهۆی ئەو ئاگرەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، یەکەمیان 'ئاری موختار'ـی ژینگەپارێزێکی خۆبەخش بوو، کە نزیک کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو گیانی لەدەستدا، ئەوی دیکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا و ناوی 'محەممەد حەیدەر'ـە و پۆلیسێکی دارستان بوو.