گوڕی بوومەلەرزەکەی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە 3.8 بوو

رووداو دیجیتاڵ
 
بوومەلەرزەیەک لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە روویدا و هاونیشتمانیان دەڵێن هەستیان پێکرد. شارەزایەکی بوومەلەرزەزانی دەڵێت، چەقەکەی گوندێکی قەزای خوورماڵ بووە بە گوڕی 3.8 پلەی رێختەر.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، سەیدسادق، زەڕایەن، پێنجوێن و چەند ناوچەیەکی دیکە هەستیپێکراوە.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی و بوومەلەرزەزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پلەکەی 3.8 بووە لە قوڵایی 17 کیلۆمەتر لە قەزای خوورماڵ لە نزیک گوندی بانیشار لە پارێزگای هەڵەبجە روویداوە".
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، مانگی رابردوو 56 بوومەلەرزە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە.