سەرۆک بارزانی بۆ کەسوکاری قوربانییانی کەرکووک: خوێنی ئەو ئەزیزانە بەفیڕۆ ناچێت
رووداو دیجیتاڵ
لە سەلاحەدین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بنەماڵە و كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی رووداوەكانی ئەمدواییەی كەركووك كرد و پێی راگەیاندن، "خوێنی ئەو ئازیزانە بەفیڕۆ ناچێت و پێویستە تاوانباران سزای یاسایی خۆیان وەربگرن."
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی کە رۆژی دووشەممە 18ی ئەیلوولی 2023 بڵاویکردووەتەوە، "لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و برینداران كرد و جەختی لەوە كردەوە، كە خوێنی ئەو ئازیزانە بەفیڕۆ ناچێت و پێویستە تاوانباران سزای یاسایی خۆیان وەربگرن."
سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بەوە دا، "خوێنی ئەو شەهیدانە و دەنگی ناڕەزاییتان پەیامێكی روون بوو بۆ هەموو لایەك كە كورد گەلێكی زیندوو و هۆشیارە و پێویستە سنوورێك بۆ ئەو زوڵم و ناهەقییە دابنرێت كە لە دژی هاووڵاتییانی كورد لە كەركووك دەكرێت."
وەکو سەرۆک بارزانی ئاماژەی پێداوە، "بەردەوامبوونی ئەو دۆخە ناسرووشتییەی لە كەركووك هەیە، مانای ئەوە نییە كە دەستبەرداری ناسنامەی كەركووك دەبین، چونكە كەركووك بۆ هەموو تاكێكی كورد رەمزێكی گەورەیە. دەبێت كەركووك بۆ هەمووان بێت و ببێتە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی و ئەو گرفتانەی كە ئێستا لەئارادان بە خۆسەپاندن و تووندوتیژی چارەسەر ناكرێت، بەڵكو دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان زمانی عەقڵ و مەنتیق بەكاربهێندرێت."