فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق: دەمانەوێت کۆنترۆڵی تەواوی سنوورەکەمان بکەین
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق سەردانی لیوای دوو و خاڵە نوێیەکانی لە زنجیرە چیای حەسارۆست لە سنووری پارێزگای هەولێر کرد و رایگەیاند: "دەمانەوێت کۆنترۆڵی تەواوی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکەین."
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق، رۆژی دووشەممە، 18-09-2023، فەریقی مافپەروەر محەممەد عەبدولوەهاب سکر، سەردانی هێزەکانی لیوای دووی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری یەکی کرد لە ناحیەی سیدەکان. هەروەها سەردانی ئەو خاڵانەی کرد، کە بەم دواییانە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە سێ گۆشەی عێراق، ئێران و تورکیا دانراون.
فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ لە رێگەی فەرماندەی پاسەوانی سنوور دەیەوێ کۆنترۆڵی تەواوی سنووری بکات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و خاڵی نوێ دابنێت و کامێرای گەرمیبین دابین بکات بە شێوەیەک پارێزگای لە تەواوی ناوچەی بەرپرسیاریەتیی بکات".