ئەم ساڵ لە باشووری کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی لە 7 هەزار قوتابخانەدا دەخوێنن


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە باشووری کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی لە قوتابخانەکاندا دەخوێنن، لەو ژمارەیە نزیکەی 150 هەزاریان لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردین لە ناوچە کێشە لەسەرەکانن.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18-9-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانە نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، بەڵام ئەم ساڵ تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە داتاکەی بە وردی رانەگەیاندووە".
 
لەبارەی ژمارەی قوتابخانەکانیشەوە، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان گوتی: "نزیکەی 6 هەزار قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان هەن، بەگشتی 57%یان لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن و 43%یان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە".
 
زیاتر لە 400 هەزار قوتابی لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەزار و 410 قوتابخانەدا دەخوێنن، ئەمە جگە لە پەروەردەکانی ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.
 
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو 08ـی ئەم مانگە 26 هەزار و 988 قوتابی لە قۆناخی یەکی بنەڕەتی و باخچە ناویان تۆمار کردووە".
 
نەژاد عەبدوڵڵا گوتی: "ئەم ساڵ زیاتر لە 417 هەزار و 345 قوتابی لە سنوورەکەمان دەخوێنن".
 
لەبارەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، یوسف جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پەروەردەی ئیدارەکە بە رووداوی گوت: "لە سنوورەکەمان کە پەروەدەکانی رانیە و پشدەرە، 98 هەزار قوتابی لە 300 ناوەندی خوێندندا دەخوێنن".
 
هەروەها لە نزیکەی 6 هەزار قوتابخانەی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی پەروەردەی دهۆک بۆ رووداو، هەزار و 470 قوتابخانە لە پارێزگاکە هەن و زیاتر لە 400 هەزار قوتابی تێیدا دەخوێنن.
 
خوێندنی کوردی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان
 
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 100 هەزار قوتابی لە خوێندنی کوردی بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە کەرکووک دەخوێنن".
 
بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنوورەکەیان 557 قوتابخانەی کوردی هەن و زیاتر لە 8 هەزار و 500 مامۆستا وانەی تێدا دەڵێنەوە.
 
هەروەها مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەی پەروەردەی شنگال (کوردی) کە سەر بە پەروەردەی پارێزگای دهۆکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە سنوورەکەمان زیاتر لە 26 هەزار قوتابی لە خوێندنی کوردی دەخوێنن".
 
لە شنگال تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 700 قوتابی بۆ پۆلی یەک لە خوێندنی کوردی ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
 
بەڕێوەبەری پەروەردەی کوردی لە شنگال گوتی: "لە سنوورەکەمان 105 قوتابخانە هەن، کە زۆرینەیان دوو دەوامیان تێدا دەکرێت و قوتابخانەشمان هەیە سێ دەوامی تێدا دەکرێت".
 
لە شنگال 2780 مامۆستا و فەرمانبەر پرۆسەی خوێندنی کوردی بەڕێوەدەبەن.
 
لە قەزای خانەقینیش بەشی کوردیی هەیە، بەگوێرەی پەروەردەی کوردی لە خانەقین، 3 هەزار و 300 مامۆستا و فەرمانبەریان هەیە و ساڵانە وانە بە نزیکەی پێنج هەزار قوتابی خوێندنی کوردی دەڵێنەوە.
 
بەگوێرەی پەروەردەی خانەقین بۆ رووداو، لە سنوورەکە 32 قوتابخانە هەن کە خوێندن تێیاندا کوردییە.
 
لە سنووری قەزای مەخمووریش کە یەکێکی دیکەیە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان، 86 قوتابخانە هەن و زیاتر لە 863 مامۆستا وانەی تێدا دەڵێنەوە.
 
ساڵی رابردوو لە مەخموور 8 هەزار و 322 قوتابی وانەی کوردییان دەخوێند، ئەمساڵ تاوەکو ئەمڕۆ داتای نوێیان بڵاو نەکردووەتەوە.