بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان: هەموو شوێنەوارەکانمان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان گلەیی پشتگوێخستنی شوێنەوارەکانی شارەکە دەدات و دەڵێت،  ناسنامەی مێژوویی گەلی کوردن و ئێستا لەبەردەم لەناوچووندان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 18-09-2025 ساڵح ئەمین، بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) ئاماژەی بە پشتگوێخستنی پرۆژە ستراتیژییەکان کرد و رایگەیاند: "پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕ و قەیسەریی مێژوویی کفری لە ساڵی 2013 بە بڕی 7 ملیار دینار رەزامەندی لەسەر درا. کۆمپانیایەکی راسپێردراو نەخشە و دیزاینی بە 262 ملیۆن دینار تەواو کرد، بەڵام دوای 11 ساڵ، تاوەکو ئەمڕۆ یەک دیناری بۆ خەرج نەکراوە و تەنانەت پارەی کۆمپانیاکەش نەدراوە."
 
لە گەرمیان و بە تایبەتیش کفری چەندین شوێنەوار هەن، بە گوتەی بەرێوەبەری شوێنەواری گەرمیان "هەموو شوێنەوارەکانی ناوچەکە، لە قەڵای شێروانەوە بگرە تاوەکو دەگاتە خانە کەلەپوورییەکانی ناو کفری و جوگەی گاوری، لەژێر مەترسیی لەناوچوون و رووخانی بەردەوامدان."
 
ساڵح ئەمین ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی نەبوونی بودجەوە، پەنایان بۆ کۆمپانیا و خەڵکی خێرخواز بردووە بۆ ئەوەی بەشێک لە شوێنەوارەکان لە رووخان بپارێزن. 
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد ئاوڕێکی جیدی لەم کەرتە بداتەوە، چونکە "پاراستنی شوێنەوارەکان تەنیا پاراستنی چەند باڵەخانەیەک نییە، بەڵکو پاراستنی مێژوو و ناسنامەی نەتەوەیەکە و لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی دروستکردنی هەزاران هەلی کار و بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری."