تەنیا دوو رۆژ ماوە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی حەج؛ کاتەکەی درێژدەکرێتەوە؟
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەنیا دوو رۆژ کات ماوە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت فۆرمی ئەلیکترۆنیی حەج پڕ بکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە کاتەکەی درێژ دەکرێتەوە یان نا.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە 70 هەزار کەس لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنییەوە داوایان کردووە ساڵی داهاتوو بچنە حەج".
کاروان ستوونی گوتی، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕیارێکیان نەداوە بۆ درێژکردنەوەی کاتی ناوتۆمارکردن، کە دوایین وادە 20ـی ئەم مانگەیە.
گوتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەدا، ئەو کەسانەی دەیانەوێت ناوی کەسێکی دیکە لە فۆرمەکەیان بۆ چوونە حەج زیاد بکەن، یان هەڵەیەکیان کردووە و دەیانەوێت چاکی بکەن، دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی یان نووسینگەکانی حەج و عومرەی ناوچەکەیان بکەن.
ئەم ساڵ بۆ یەکەم جار، ناونووسین بۆ حەج کرایە ئەلیکترۆنی، پێشتر لەڕێگەی فۆرمی دەستییەوە دەکرا و هەرکەسێکیش دەبوو 25 هەزار دینار رسومات بدات.
رۆژی 25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو بۆ چوونە حەجی ساڵی 2025 و لەو ژمارەیە کە زیاتر بوون لە 120 هەزار هاونیشتمانی، 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.