لە کاتی جووتکردن لە وەرتێ کەسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکە بریندار بوو
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی بنکەی تەندروستیی ناحیەی وەرتێ رایگەیاند، لەکاتی جووتکردندا دوو کەس لەسەر تراکتۆرێک کەوتوونەتە خوارەوە و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، ئاوارە خدر، بەرپرسی بنکەی تەندروستیی ناحیەی وەرتێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''بەیانیی ئەمڕۆ دوو کەس بە تراکتۆر خەریکی جووتکردن بوون لە کوێستانی مەکێ لە سنووری ناحیەی وەرتێ، هەردووکیان لە تراکتۆرەکە کەوتوونەتە خوارەوە و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە''.
رووداوەکە نزیک کاژێر 08:30ـی بەیانی روویداوە. بەرپرسی بنکەی تەندروستیی ناحیەی وەرتێ گوتی: ''دوای ئاگادارکردنەوەمان، راستەوخۆ گەیشتینە شوێنی رووداوەکە و هەر لەوێ چارەسەری سەرەتاییمان بۆ هەردووکیان کرد، بەڵام یەکێکیان لەڕێگەی نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا''.
بە گوتەی ئاوارە خدر، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی حارس ئەحمەد ئاغای وەرتێ، تەمەنی 70 ساڵ، دانیشتووی ناحیەی وەرتێ و چوار هاوژینی هەبوو. تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادیی سۆران کراوە.
سەبارەت بە بریندارەکە، بەرپرسی بنکەی تەندروستیی ناحیەی وەرتێ گوتی: ''ئێستا رەوشی تەندروستیی جێگیرە و تەنیا سەری بریندار بووە. تەمەنی 38 ساڵە و دانیشتووی هەمان ناحیەیە''.