زەوی بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەست دا دابەشدەکرێت؟

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرۆسەی وردبینی ناوەکان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران تەواو بووە، تاوەکو ئێستا وردبینی لە  دۆسیەی 467 هەزار کەس کراوە و فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان بۆ دەرچووە. دەشڵێت،" لەلایەن حکومەتەوە، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی گرێبەستیش زەوییان پێبدرێت."
 
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی باڵای وردبنینی ناوی فەرمانبەرانە، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کارەکانی لیژنەکەیانی کرد و گوتی، تاوەکو ئێستا لەلایەن لیژنەی باڵای وردبینییەوە، زیاتر لە 467 هەزار فۆرم وردبینی بۆ کراوە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و فەرمانیان بۆ دەرکراوە. دواتر بەگوێرەی کارتی زانیارییان ئاراستەی شارەوانییەکان دەکرێن.
 
بەگوتەی سەربەست مەولوود ئێستا نزیکەی 15 هەزار فۆرم ماون بۆ وردبینی. لەو ژمارەیە، نزیکەی 6 هەزار فۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە و نزیکەی 5 هەزار فۆرمیش هی خانەنشینانە کە ئێستا وردبینیان بۆ دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری بەشی یاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، "وردبینیکردنی ناوەکان بەگوێرەی رێنمایی ژمارە 2 و ژمارە 3 دەکرێت کە مەرجەکانی دیاریکردووە و دەبێت فەرمانبەرەکە تاوەکو 1ی ئابی 2024، 8 ساڵ راژەی هەبێت."
 
سەربەست مەولوود، روونی کردەوە کە هەندێک فەرمانبەر ناویان لابراوە چونکە راژەیان لە 8 ساڵ کەمتر بووە، هەروەها خەڵکیش هەبووە بەڵێننامەی داوە کە سوودمەند نەبووە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە سوودمەند بووە و ناوەکەی لابراوە.
 
لەدوای بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، فەرمانبەرانی گرێبەست داوایان کرد کە دابەشکردنی زەوی ئەوانیش بگرێتەوە، چونکە هەموو لێبڕین و پاشەکەوتکردنێکی مووچە ئەوانیشی گرتووەتەوە.
 
سەربەست مەولوود ئاماژەی بەوە کرد، فەرمانبەرانی گرێبەست داواکاریی زۆریان پێشکەشکردووە بۆ پێدانی زەوی، ئێستا لەسەر ئاستی حکومەت و ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵێک هەیە بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەریاندا، بەڵام گوتی: "ناتوانم بڵێم 100%، بەڵام هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت."
 
سەبارەت بە فەرمانبەرانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و سنووری ماددەی 140، سەربەست مەولوود دەڵێت: "بەگوێرەی نزیکترین شارەوانی لێیانەوە زەوییان پێدەدرێت."