لە هەولێر 11 ساڵە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ ناکرێت


رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە 11 ساڵە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەویی بەسەر زیاتر لە دوو هەزار پێشمەرگەی کەمئەندامی سەنگەر دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا زەوییان پێنەدراوە و بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە. پێشمەرگەیەکی کەمئەندام دەڵێت، "لە 2014وە چاوەڕوانین."
 
محەممەد چووچانی، پێشمەرگەیەکی کەمئەندامی سەنگەرە، بە رادیۆی رووداوی گوت،" لە 8ـی نیسانی 2014، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی ژمارە 308، بڕیاریدا بە دابەشكردنی 2018 پارچە زەوی بەسەر پێشمەرگەی کەمئەندامی سەنگەری هێزەکانی 80 لە سنووری هەولێر و دهۆک، بەڵام ئەوە نزیکەی 11 ساڵە ئێمە چاوەڕێین و تاوەکو ئێستا یەک پارچە زەویمان پێنەدراوە."
 
محەممەد چووچانی دەڵیت، "11 ساڵە دەرگە نەماوە لێی نەدەین، هەرچی دەکەین، هیچمان بۆ ناکرێت و زەویمان بەسەردا دابەش ناکرێت."
 
گوتیشی، "لەگەڵ ئەو فەرمانەی بۆ دابەشکردنی 2018 پارچە زەوی بۆ پێشمەرگەکانی یەکەی 80، هاوکات بڕیاری دابەشکردنی 1876 پارچە زەویش بۆ پێشمەرگە کەمئەندامەکانی یەکەی 70 دەرچوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە سلێمانی بەشی زۆری زەوییەکان دابەشکران و پێشمەرگەکان زەوییان پێدرا، بەڵام ئێمە لە هەولێر تاوەکو ئێستا زەویمان پێنەدراوە."
 
دەشڵێت، "لەو 1876 پارچە زەوییەی سنووری سلێمانی، 153 پارچەیان بەر پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی یەکەی 80 کەوتوون، بەڵام تاوەکو ئێستا 120پارچە زەوییان تاپۆنەکراون و داواکارین ئەویش تاپۆبکرێت."
 
محەممەد لەڕێگەی رووداوەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ئەو 2018 پارچە زەوییەی فەرمانی دابەشکردنی دراوە بەسەر پێشمەرگەکاندا، دابەشبکرێت و چونکە ئەوان قوربانییەکی زۆریان داوە و بەشێک لە جەستەی خۆیان بەخشیوە.