شارەوانیی دەربەندیخان: ئەو ماڵانەی تەنەکەی خۆڵیان نییە، بە 50 هەزار دینار سزا دەدرێن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی دەربەندیخان رایگەیاند، ئەو ماڵ و فرۆشگایانەی تەنەکەی خۆڵیان نییە، سزای پێبژاردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت، کە لە 50 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 250 هەزار دینار.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، ئەندازیار زریان سابر، سەرۆکی شارەوانیی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو خاوەن فرۆشگا و ماڵانەی تەنەکەی خۆڵیان نییە، سزادەدرێن.".
سەبارەت بە جۆری سزاکە، سەرۆکی شارەوانیی دەربەندیخان گوتی، سزاکە بەپێی شوێن و قەبارەی تەنەکەی خۆڵەکە دەگۆڕێت، ئەو ماڵانەی تەنەکەی خۆڵیان نییە، بە 50 هەزار دینار سزا دەدرێن، سزای مارکێتەکانیش بەپێی گەورەی و قەبارەی خاشاکی مارکێتەکە لە 100 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 250 هەزار دینار.
بە گوتەی ئەندازیار زریان سابر، دوای دیاریکردنی سەرپێچیکاران، ناوەکانیان لە کۆنووسێکدا بۆ قایمقامییەت دەنێردرێت و ئەویش رەزامەندی لەسەر سزاکە دەدات. گوتیشی: "ئێستا لە کۆنووسێکدا ناوی شەش سەرپێچیکار، کە دووکاندارانی نێو بازاڕن، بۆ قایمقامییەت نێردراوە".