قوتابخانەی نیشتمان؛ خواستی فێربوونی زمانی کوردی لە نێو نەوەی نوێی کوردانی ئەڵمانیا زیادبووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، قوتابخانەیەکی تایبەت بە فێرکردنی زمانی کوردییە لە شاری کیل لە هەرێمی شلێسڤیگ هۆلشتاینی ئەڵمانیا. لەسەرەوەی تەختە سپییەکە نووسراوە 'قوتابخانەی نیشتمان.. وانەی کوردی'.
لە ساڵی 2023 کراوەتەوە، بەڕێوەبەرەکەی کوردێکی باشووری کوردستانە. ئەو کات 10 قوتابی هەبوو، ئێستا سەروو 30ی قوتابی هەیە.
پشتیوان رەئوف، بەڕێوبەری قوتابخانە دەڵێت: "بیرۆکەکە ئەوە بوو کە سەرەتا و چەند ساڵێک پێش ئێستا، هەستم بە کەموکورتییەک لە منداڵەکانمدا کرد کە خوێندنەوە و نووسینیان بە زمانی کوردی زۆر باش نەبوو. دەیانتوانی بە کوردی قسە بکەن، بەڵام بە باشی نا. بەو هۆیەوە هەوڵێکی زۆرمدا تاوەکو گەیشتمە ئەو بڕوایەی خزمەتێک بکەم لە رێگەی کردنەوەی قوتابخانەیەکی خنجیلانەی بچووک."
لێرە قوتابیان بۆ چەند ئاستێک دابەشکراون. زۆرترین گرنگی بە زمانی کوردی لە وانەکانی وەکو زمان، بیرکاری و چەندین وانەی دیکەدا دەدرێت. لێرە گرنگییەکی زۆر بە وانەی هونەر و کولتوور دەدرێت.
کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە ئاسانکاری زۆری بۆ کەسوکاری قوتابیان کردووە.
دایکی یەکێک لە قوتابییەکان دەڵێت: "جێگەیەکی زۆر زۆر باشە. هەر کوردێک لە ئەورووپا خەون بە شوێنێکی وەها دەبینێت. چەند ساڵێکە هەر هەوڵم دەدا، ئەگەر لە شوێنێکی زۆر دوورتریش هەبووایە، لەوانەیە منداڵەکەی خۆمم هەر بردبا."
سەیران پاپۆ، کە پەرلەمانتاری پارتی کرستیان دیمۆکراتە لەو هەرێمە، کار دەکات لەگەڵ رەوەندی کوردی بۆ ئەوەی وانەی کوردی بۆ قوتابیانی کورد لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە بکرێتە وانەیەکی فەرمی.
بەگوێرەی ناوەندە کوردییەکانی ئەڵمانیا و فەرمانگەی کۆچی وڵاتەکە، بە گشتیی ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ دوو ملیۆن کورد لە ئەڵمانیا دەژین.