حارس ئاغای وەرتێ بەهۆی هەڵدێرانی تراکتۆر گیانی لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

لە کوێستانی مەکێی بناری کارۆخ لە سنووری وەرتێ، تراکتۆرێک لە بەرزایی نزیکەی 100 مەترەوە هەڵدێرا و بەتەواوی تێکشکا.

لە رووداوەکەدا شۆفێری تراکتۆرەکە برینداربوو و هاونیشتمانییەکیش بەناوی حارس ئەحمەد، ناسراو بە حارس ئاغای وەرتێ، گیانی لەدەستدا.

حارس ئاغا، کەسایەتییەکی دیاری سنوورەکە بوو و چوار هاوژین و 15 منداڵی لەدوای خۆی جێهێشتووە.

شەماڵ خالید، برازای کۆچکردوو بە رووداوی گوت، "تراکتۆرەکە لە دەستی شۆفێرەکە دەرچووە و وەرگەڕاوە. بەپێی ئاسەوارەکانی، دەبێت لە بەرزییەکی زۆرەوە کەوتبێتە خوارەوە. تیمی فریاگوزاری هەموو هەوڵێکیان دا و توانییان بیگەیننە نەخۆشخانەی سۆران، بەڵام بەداخەوە کار لەکار ترازابوو."

مستەفا وەرتێ، یەکێک لە کەسوکاری کۆچکردووەکەیە و دەڵێت: "لەبەر ئەوەی ئەو پیاوە ئەوەندە لەلایەن خەڵکەوە خۆشەویست بوو، دەبینن هەمووان بۆی پەرۆشن. کۆچی دوایی ئەو کەلێنێکی گەورەی دروست کردووە کە بۆ هەتاهەتایە پڕناکرێتەوە."

لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، بەهۆی نەگونجاوی و سەختیی رێگەکانەوە، سێ رووداوی هاوشێوە لەو بەرزاییانەی سنوورەکە روویانداوە.

شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە سێیەمین رووداوە کە لەو شوێنە روودەدات. ئێمە درکمان بە مەترسیی رێگەکانی سنوورەکە کردووە و هەمیشە هەوڵمان داوە دەرخستەی پێویست بۆ چاککردنیان ئامادە بکەین و بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەرزی بکەینەوە. خۆشبەختانە، ئێستاش لەگەڵ ئیدارەی سۆران لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی هەوڵی چاککردنی رێگەکان و کەمکردنەوەی قوربانییەکان بدەین."

بەگوێرەی ئاماری هاتووچۆی سۆران، تەنیا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، شەش رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بوونەتە هۆی برینداربوونی شەش کەس و گیانلەدەستدانی کەسێک.