ڤیژن ئیجوکەیشن باڵەخانەی ئامادەیی سەڵاحەدین لە سلێمانی نۆژەن دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەو قوتابخانە تەمەن 62 ساڵییەی سلێمانی کە لە رابردوودا بەهۆی کۆنی و خراپیی باڵەخانەکەیەوە بە "سەربازگەی سەڵاحەدین" ناوبانگی دەرکردبوو، ئێستا لەلایەن "ڤیژن ئێجوکەیشن" بە بەرزترین کوالێتی نۆژەنکراوەتەوە و بووەتە یەکێک لە قوتابخانە پێشکەوتووەکانی کوردستان.
 
حوسێن تاهیر، بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە رووداوی گوت، "زۆر دڵخۆشین بەم نۆژەنکردنەوەیە و دڵنیاین دەبێتە هاندەرێکی گرنگ بۆ قوتابییەکانمان، چونکە بەشێوەیەکی سەد لە سەد پێشکەوتوو و باش دروست کراوە."
 
ئەم قوتابخانەیە لە مێژووی خۆیدا وەک کارگەیەکی پەروەردەیی و فێرکردنی پڕۆفیشناڵانە، دەیان قوتابیی بەتوانای پێگەیاندووە کە دواتر کۆلێژە پزیشکییەکان و زانکۆکانی کوردستانیان تەواو کردووە و ئێستا لە پۆستە هەستیار و گرنگەکانی وڵاتدا خزمەت دەکەن. گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانەکەیان و بینینی بە نۆژەنکراوی لەلایەن "ڤیژن ئێجوکەیشن"ەوە، دڵخۆشی کردوون.
 
دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی کە یەکێکە لە دەرچووانی قوتابخانەکە، بە رووداوی گوت، "کارێکی مەزنیان کردووە. ئەگەر کاتی خۆی ئێمە باڵەخانەیەکی وامان هەبووایە، لە جیاتی سەد، هەزارمان دەهێنا. مەبەستم ئەوەیە کە ژینگەیەکی لەم شێوەیە کاریگەرییەکی زۆر باشی لەسەر دەروونی قوتابی هەیە."
 
نۆژەنکردنەوەکە لە بناخەوە تاوەکو بنمیچی قوتابخانەکەی گرتووەتەوە. سیستمی سەلامەتی، بەکارهێنانی وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا، گلدانەوەی ئاوی باران بۆ بەکارهێنانەوە و دروستکردنی یاریگایەکی مۆدێرن، ئاستی کوالێتیی ئەم قوتابخانە دێرینەی سلێمانیی بۆ ستانداردە جیهانییەکان بەرزکردووەتەوە.
 
پرۆفیسۆر د. دانا خدر مەولوود، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری "ڤیژن ئێجوکەیشن" رایگەیاند: "ئێمە هاوکاری حکومەت و وەزارەتی پەروەردە دەکەین. سەیری قوتابخانەکان دەکەین و بەپێی بودجەی بەردەست، هەرچی پێویست بێت بۆ سلێمانیی خۆشەویست ئەنجامی دەدەین."
 
هەیام عەقیل، جێگری بەڕێوەبەری "ڤیژن ئێجوکەیشن" بە رووداوی راگەیاند، "بیرۆکەی ئێمە ئەوەیە کە لەڕێگەی خوێندن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەوە، خزمەتی کەرتی پەروەردە بکەین، چونکە کەرتێکی زۆر گرنگە."
 
ئێستا هەر سوچێکی قوتابخانەکە بگریت، جێپەنجەی نوێکاری و ئەندازیاریی "ڤیژن ئێجوکەیشن"ی پێوە دیارە.
 
ئامادەیی سەڵاحەدینی کوڕان دەکەوێتە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی و لە ساڵی 1963 دروست کراوە. ساڵانە دەیان قوتابیی بەتوانا بۆ خوێندنی باڵا ئامادە دەکات.