ئەوانەی ناویان بۆ ئایفۆن 17 لە iZone نووسیبوو، سبەی دەگاتە دەستیان


رووداو دیجیتاڵ

شەوی 10ی ئەم مانگە، کۆمپانیای (iZone) لە رێوڕەسمێکدا بەڵێنی پێدانی یەکەم ئایفۆن 17 پرۆ ماکسی وەک دیاری بە نووسەر، دکتۆر فەرهاد پیرباڵ دا. ئەمڕۆ، 18ـی ئەیلوول، کۆمپانیاکە رۆژێک زووتر لە وادەی دیاریکراوی بڵاوکردنەوەی جیهانی، بەڵێنەکەی خۆی بردەسەر و یەکەم ئایفۆن 17 پرۆ ماکسی رەنگ پرتەقاڵی گەیشتە دەستی فەرهاد پیرباڵ.
 
فەرهاد پیرباڵ، نووسەر، لەبارەی وەرگرتنی دیارییەکەیەوە گوتی: "رەنگی پرتەقاڵیم زۆر حەز لێیە. کاتی خۆی کە کاک نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی کردم و سەنتەری شەرەفخانی بەدلیسیم دامەزراند، رەنگەکەیم کردە پرتەقاڵی. بۆچی؟ چونکە هەموو رەنگەکانیان بردبوو، زەرد بۆ ئەو، سەوز بۆ ئەو، شین بۆ ئەو. ئیتر من پرتەقاڵیم هەڵبژارد."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیای ئەپڵ، بڕیارە مۆبایلە نوێیەکان بە فەرمی لە رۆژی 19ی مانگ لە رێگەی بریکارە سەرەکییەکانەوە بکەونە بازاڕەوە. کۆمپانیای ئای زۆنیش بڕیارە سبەی هەینی، 250 مۆبایل بدات بەو کەسانەی کە پێشوەختە ناوی خۆیان تۆمار کردووە.
 
شاهۆ شەریف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئای زۆن، رایگەیاند: "بەو مەرجە مۆبایلەکەمان لە کۆمپانیای ئەپڵ وەرگرتووە کە نابێت ئەکتیڤ بکرێت تاوەکو کاتژمێر 09:00ـی بەیانیی رۆژی هەینی، بەڵام خاوەنەکەی دەتوانێت دایبگرسێنێت، زمانی تێدا هەڵبژێرێت و بەکاری بهێنێت. نرخی فەرمیی ئایفۆن 17ـی 256 گێگابایت لای ئێمە لە هەزار و 389 دۆلار دەست پێدەکات."
 
لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان چاوەڕوانی وەرگرتنی مۆبایلە نوێیەکەن. 
 
نیازی خالید، یەکێکە لەو کەسانەی کە ئالوودەی بەرهەمەکانی ئەپڵە و زیاتر لە هەفتەیەکە ناوی خۆی تۆمار کردووە. ئەو ئەمڕۆ سەردانی ئای زۆنی کردبوو تاوەکو لە نزیکەوە مۆبایلەکە ببینێت و بە هیوا بوو سبەی ببێتە خاوەنی مۆبایلەکەی خۆی.
 
نیازی خالید بە رووداوی گوت: "زۆر حەزم لە بەرهەمەکانی ئەپڵە؛ کاتژمێر، ئایفۆن، ئایپاد، ماکبووک و ئێیرپۆد، هەموویان بۆ کاری رۆژانەم بەکاردەهێنم و ساڵانە زۆربەیان دەگۆڕم."
 
هاوکات، سۆران رزگار کە چوار رۆژ پێش ئێستا ئایفۆن 16 پرۆ ماکسەکەی شکا بوو، ئەمڕۆ بۆ کڕینی ئایفۆن 17 پرۆ ماکس سەردانی بازاڕی کردبوو و گوتی: "بەڕاستی ئەمجارە شتێکی جوان و جیاوازیان دروست کردووە. خۆم ئایفۆن 16 پرۆ ماکس بەکاردەهێنم و ساڵانە لەگەڵ هاتنی مۆدێلی تازەدا دەیگۆڕم. بڕیارم داوە ئینشائەڵڵا ئەمەش دەکڕم."
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، تاوەکو ئێستا لە شاری هەولێر نزیکەی سێ هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ کڕینی جۆرە جیاوازەکانی ئایفۆن 17 بە شێوەی پێشوەختە تۆمار کردووە.