یەکێک لەو گەنجانەی لە سنووری کەرکووک کوژران، دوو هەفتەیە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سێ گەنجی کورد لە گوندی توڵکی کەرکووک کە لای ئێوارەوە بەدوای ئاژەڵدا چوون، چەکداری نەناسیان لێ پەیدا بووە، گولەبارانیان کردوون، دوایی تەرمەکانیان سوتاندوون و گڕیان لە ئۆتۆمبێلەکەشیان بەرداوە. 
 
رووداوەکە لە ناوچەیەکی دوورەدەستی سنوورەکە بووە کە چۆڵەوانییە و هەوراز و نشێوی زۆری تێدایە.
 
لوقمان سارتکی، فەرماندەی فەوجی یەکی لیوای 11 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمان لێرە لەسەر غەسالەی قوم و چەو بوونە. تا 04:30ی دواینیوەڕۆ لەوێ بوون و لە 05:00ـی ئێوارەدا مۆبایلیان لە شەبەکەدا نەماوە."
 
تەرمەکان بەهۆی ئەوەی بەتەواوی سووتاون، بەبێ شوشتن لە مزگەوتی دارەمان نوێژی مردوویان لەسەر کرا و رەوانەی گۆڕستانی شەوگێڕ کران.
 
ئارام مستەفا لەدایکبووی ساڵی 1988ـە و پێشمەرگەیە، لەگەڵ ئەودا هەرێزی تەمەن 25 ساڵانی برای کە دوو هەفتەیە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و، پێشەوا عەبدولڕەحمانی تەمەن 23 ساڵی ئامۆزایان لەو رووداوەدا بوونە قوربانی.
 
مستەفا محەممەد، باوکی دووان لە کوژراوەکانە و دەڵێت، "سێ - چوار ئاژەڵمان تائێستا گورگ خواردوویەتی. ئیدی ئاژەڵی دیکەمان ون بووبوو، گوتم، 'مەڕۆن کوڕم، خۆم بەژێر ئەو بنارەدا دەڕۆم.' ئاگام لێ نەبوو، تومەز لەلایەکی دیکەوە سەرکەوتوون و رۆیشتن و تووشی ئەو بەڵایەبوون. لەگەڵ هیچ کەسێک کێشە و گرفتمان نییە تەنیا ئەو خۆفرۆش و داعشانە نەبێت."
 
ناوچەی شێخ بزێنی لەژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە، بەڵام شوێنی رووداوەکە لەو بۆشاییانەدایە کە هیچ هێزێکی تێدا نییە و دەکەوێتە سنووری نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکانەوە.
 
نەریمان ساڵەیی، فەرماندەی فەوجی 3ـی لیوای 126 بە رووداوی گوت، "پێشتر [ناوچەکە] کێوماڵ کراوە، بەڵام ئەو کێوماڵە لەو سنوورە هێزی زۆری دەوێت. لە 2 هەزار بۆ 3 هەزار کەسی دەوێت، چونکە ناوچەکە فراوانە و شوێنی خۆحەشاردانی زۆرە."
 
رووداوەکە بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە تاسێنەرە، چونکە سنوورێکی تەواو کوردییە و لە ساڵانی رابردوودا بە دەگمەن نائارامی لەو گوندانە بەدیکراوە.