سۆفی عومەر، پڵنگەکەی شایی و هەڵپەڕکێ تیکتۆکی تەنیوە

رووداو دیجیتاڵ

سۆفی عومەر، بە "پڵنگی شایی" ناسراوە، ناسراوییەکەی سنووری ناوچەکەی خۆی بڕیوە، ئێستا ئیدی شایی و هەڵپەڕکێکەی بووەتە چاڵێنجێکی بەنێوبانگی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت تیک تۆک. خەڵک لەوپەڕی دنیاوە سەیری سەما و هەڵپەڕکێی سۆفی دەکەن و لاسایی دەکەنەوە.
 
هەڵپەڕکێی سۆفی عومەر لە یوتیوبیش بینەری زۆریان هەن، یەکێک لە ڤیدیۆکانی زیاتر لە 7 ملیۆن و 100 هەزار تەمەشاکەری هەیە و ئەوانی دیکەشی هیچی لە ملیۆنێک بینەر کەمتری نییە. 
 
عومەر چەلیک، بە سۆفی عومەر ناسراوە، چونکە ریشی هەیە و لە بنەماڵەیەکی سۆفییە. ساڵی 1961 لە گوندی (بێتکارۆک) لە  قەزای شەمزینان لە باکووری کوردستان لەدایک بووەو لە عەشیرەتی گەردییە. تەمەنی 15 ساڵ بووە کە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، ئێستا باوکی 5 کوڕ و 5 کچە. 20 ساڵە لە زۆربەی شاییەکاندا سەرچۆپی بەرنادات.
 
هەر لە منداڵییەوە سۆفی خووی داوەتە شایی و هەڵپەڕکێ و دەڵێ، 'شوانی مەڕ بووم، بەبێ ساز و گۆرانی لەسەر یەک پێ هەڵپەڕکێم دەکرد'. ئەوە 20 ساڵە بەردەوام دەچێتە شاییەکانی ناوچەکە. 
 
شەوکەت هەرکی پەیامنێری رووداو لە رۆژی 1ی ئوکتۆبەری 2019 هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵ سۆفی عومەر کردووە.