ساڵیادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام لە هەرێمی کوردستان بەرزڕادەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
ساڵیادی لەدایکبوونی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، ئەمساڵ دەکەوێتە 18 ئۆکتۆبەر. لە هەرێمی کوردستان ساڵانە هاونیشتمانیان یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام دەکەنەوە.
لە هەولێر بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1220ی زاینی ئەم یادە لەلایەن سوڵتان موزەفەردین کۆکبەری کراوەتەوە، کە ئەوکاتە فەرمانڕەوای هەولێر بووە.
ئێستاش خەڵکی هەولێر بە چالاکی و شێوازی جیاواز، خۆشەویستی خۆیان بۆ پێغەمبەری ئیسلام دەردەبڕن؛ لە بازاڕ و شەقام و خانەقا و مزگەوتەکاندا ئاهەنگ دەگێڕن و خواردن و شیرینی دەبەخشنەوە.
دەفژەنەکان تاوەکو ئێوارە دەف لێدەدەن و مامۆستایانی ئایینیش بە گوتارەکانیان هانی هاونیشتمانییانیان دەدەن زیاتر پابەندی بنەماکانی ئایینی ئیسلام و سوننەتەکانی پێغەمبەر (د.خ) بن.
تەیب زرار، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی هەولێر بە رووداوی راگەیاند "هەر لە کۆنەوە شاری هەولێر زۆر گرنگی بە یادی پێغەمبەر دروودی خودای لێبێت داوە، لەسەردەمی سووڵتان مزەفەرەوە نزیکەی 800 ساڵ پێش ئێستا لە هەولێر بەفراوانی کراوەتەوە و بووەتە دابوونەریتێك بۆ شاری هەولێر و دەورووبەری و تاوەکو ئێستا بەردەوام بووە."