وەزارەتی رۆشنبیری: ئەو کەناڵە تەلەڤیزیۆنانەی مۆڵەتیان نییە دادەخرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، 147 کەناڵی تەلەڤیزیۆنی لە هەرێمی کوردستان بە مۆڵەتی فەرمی پەخش دەکەن. دەشڵێت، "هەندێک کەناڵی نێوخۆیی هەن مۆڵەتیان نییە و دایان دەخەن."
 
رۆژی چوارشەممە 18ی ئۆکتۆبەری 2023 شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەرێمی کوردستان 147 کەناڵی تەلەڤیزیۆنی مۆڵەتی فەرمیی پەخشیان هەیە و کار دەکەن، بەشێکیان کەناڵی ئاسمانین و بەشەکەی دیکەش کەناڵی نێوخۆیی."
 
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد، کۆمەڵێک کەناڵی نێوخۆیی و بیانی لە چوارچێوەی سیستمی کەناڵە نێوخۆییەکاندا پەخش دەکەن و مۆڵەتی فەرمییان نییە. گوتیشی، "رێنوێنیی نوێمان هەیە و لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنین بۆ ئەو کەناڵانەی مۆڵەتیان نییە و پەخش دەکەن، بە دڵنیاییەوە هەموویان دادەخرێن و رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
 
ئەو کەناڵانەی بە هۆکارێک سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەوە، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، شێروان عەوڵا لەبارەی رێکارەکانەوە دەڵێت، "دوو جار کەناڵەکە ئاگادار دەکەنەوە، بۆ جاری سێیەم بۆ ماوەی 24 کاژێر پەخشەکەی رادەگرن، دواتر بۆ سێ رۆژ و پاشان هەفتەیەک پەخشەکەی رادەگیرێت و ئەگەر کەناڵەکە رێنوێنییەکانی جێبەجێ نەکرد، دۆسیەکەی لە وەزارەتی رۆشنبیری نامێنێت و رەوانەی دادگە دەکرێت."
 
دروستکردنی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی لە هەرێمی کوردستان چەند رێکارێکی دەوێت بۆئەوەی مۆڵەتی فەرمی وەربگرێت، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە گوتی، "کەسێک بیەوێت کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی دابمەزرێنێت، سەرەتا لە وەزارەتی رۆشنبیری فۆرمێک پڕدەکاتەوە، دواتر فۆرمەکە و مامەڵەکەی رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت و دوای گەڕانەوەی بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و پێدانی رسووماتەکان، مۆڵەت بە پەخشی کەناڵە دەدرێت."
 
لەبارەی رسووماتەکانیشەوە شێروان عەوڵا گوتی، بۆ کەناڵی ئاسمانی، سەرەتا 40 ملیۆن دینارە و بۆ کەناڵی نێوخۆییش، 10 ملیۆن دینار وەردەگیرێت، "دواتر بۆ تازەکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانە یەک لەسەر چواری ئەو پارەیە دەدرێت، ئەگەر کەناڵی ئاسمانی بێت ساڵانە 10 ملیۆن دینار بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەی دەدات و نێوخۆییش بێت، ساڵانە 2 ملیۆن و 500 هەزار دینار بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەی دەدات."
 
جگە لە کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان، زیاتر لە 1600 دەزگای راگەیاندنیش لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمارکراون؛ زیاتر لە 6000 رۆژنامەڤانی کاراش ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانن.