پۆلیسی سلێمانی کچە تیکتۆکەرێک و دایکی دەستگیر دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بە تۆمەتی "سووکایەتی و کاری ناڕەوا" دوو کەسیان بە ناوەکانی هانا مەلیک و دایکی دەستگیر کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 18-10-2023 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بنکەیەکی پۆلیس، داواکاریی بۆ دادوەر بەرزکردەوە کە ئەو کچە و دایکی سووکایەتی و کاری ناڕەوا دەکەن، بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنیان دەرکرا."
 
بە گوتەی سەرکەوت ئەحمەد، دوای داواکارییەکەیان دوێنێ سێشەممە 17-10-2023 هانا مەلیک و دایکی بەپێی مادەی 2ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیر کران.
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، "ئەو کچە لە تیکتۆک قسە دەکات، جنێو دەدات و خۆی رووت دەکاتەوە و ئەوەش خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە."
 
هانا مەلیک خاوەنی زیاتر لە 260 هەزار فۆڵۆوەرزە و ڤیدیۆکانی لە تیکتۆک ملیۆنان بینەریان هەیە.
 
ئەو کچە دانیشتووی شاری سلێمانییە و رۆژانە لایڤ لەگەڵ کەسانی دیکە دەکات و دایکی تەنیا بە دەنگ بەشدارە.