لیژنەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ: لە 5 ساڵی داهاتوودا دەریاچەکە دەژێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پلاندانانی لیژنەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رەتی دەکاتەوە هیچ گوندێکی دەوروبەری دەریاچەکە بەهۆی کاریگەریی زیادبوونی خوێوە چۆڵ کرابێت. ئاماژە بەوەش دەکات، سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆماردەکەن کە یەکەم جار ئەو هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە.
 
سەعید عیساپوور، بەڕێوەبەری پلاندانانی لیژنەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رایگەیاند، ''شارەزایان لەسەر ئەوە کۆکن کە لەوانەیە لە کەمتر لە پێنج ساڵی داهاتوودا دەریاچەکە بژێتەوە.''
 
سەعید عیساپوور ئاماژەی بەو ئاوە کرد کە دەڕژێتە نێو دەریاچەی ورمێ و گوتی، بەر لەوەی ئاوەکە بگاتە نێو دەریاچەکە، لە شوێنی دیکە بە شێوەی نایاسایی بەکاردەهێندرێت، ''ئەگەر ئەم ساڵ بتوانین رێگری لەو بەکارهێنانە نایاساییە بکەین، بێگومان لە چوار بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا پڕۆسەی ژیاندنەوەکە دەگاتە ئامانج.''
 
رۆژی 1ی تشرینی یەکەم رەزا حاجی کەریم، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی پیشەسازیی ئاوی ئێران رایگەیاند، بەهۆی وشکبوونی دەریاچەی ورمێوە دۆخێکی وەها هەیە کە هەندێک لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەکە بەهۆی زیادبوونی خوێوە لە سنوورەکە چۆڵیان کردووە.
 
بەڕێوەبەری پلاندانانی لیژنەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ رەتی دەکاتەوە دەوروبەری دەریاچەکە چۆڵ کرابێت و دەڵێت، قسەکانی رەزا حاجی کەریم تەنیا پێشبینین، ''هۆشداریمان پێداوە، ئەگەر تاوەکو 10 رۆژی دیکە لە قسەکانی پاشگەز نەبێتەوە یان بەڵگەیەک لەسەر چۆڵبوونی گوندەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ نەخەنەڕوو، سکاڵا تۆمار دەکەین.''
 
سەعید عیساپوور هۆکاری سکاڵاکردنەکەی بۆ ''تێکدانی رای گشتی'' لەلایەن ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە کە باس لە چۆڵبوونی گوندەکان بەو هۆیەوە دەکەن و دەڵێ: ''پێویستە پێشبینیکردن و راستییەکان لە یەکدی جیا بکرێنەوە و لەبارەی چارەنووسی دەریاچەکەوەش سەر لە خەڵک نەشێوێندرێ.''
 
ئێستا بەشی زۆری رووبەری دەریاچەی ورمێ وشکبووە.
 
بەپێی دوایین رووپێوی، بەشی باکووری دەریاچەکە ئاوی تێدا نەماوە و لە بەشی باشووری دەریاچەکەش 600 بۆ 700 کیلۆمەتری چوارگوشە ئاوی تێدا ماوە، بەڵام قووڵیی ئاوەکە تەنیا 15 بۆ 20 سانتیمەترە. هاوینی پار رووبەری دەریاچەکە هەزار و 140 کیلۆمەتری چوارگوشە بوو و یەک ملیار و 630 ملیۆن سێجا ئاوی تێدابوو.