پڕۆژەی گەیاندنی ئاو لە بەنداوی سێڵوێ بۆ پیرانشار دەستیپێکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو ساڵ دوای راگیرانی پڕۆژەکە، حکومەتی ئێران رەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی بودجەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی بەنداوی سێڵوێ بۆ نێو شاری پیرانشار دا.
 
هوشیار ئەحمەدیان، سەرۆکی فەرمانگەی ئاوی پیرانشار رایگەیاند، حکومەت بڕیاریداوە 120 ملیار تمەن (نزیکەی یەک ملیۆن و 100 هەزار دۆلار) بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی ماڵانی نێوشار و گوندەکانی دەوروبەری پیرانشار لە بەنداوی سێڵوێ خەرج بکات.
 
پڕۆژەی دروستکردنی کەناڵ بۆ گواستنەوەی ئاوی بەنداوی سێڵوێ بۆ پیرانشار 9 کیلۆمەترە، سێ کیلۆمەتری 2 ساڵ پێش ئێستا تەواوکرا و بەهۆی نەبوونی بودجەوە پڕۆژەکە راگیرا.
 
سەرۆکی فەرمانگەی ئاوی پیرانشار دەڵێت، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە کێشەی کەمیی ئاو لە نێوشاری پیرانشار و گوندەکانی دەوروبەری چارەسەر دەبێت.
 
بەنداوی سێڵوێ لە باشووری پارێزگای ورمێ و لە 15 کیلۆمەتری شاری پیرانشار هەڵکەوتووە، لە ساڵی 2017ـەوە گلدانەوەی ئاو لەو بەنداوە دەستیپێکردووە و ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی ئەو بەنداوە، گلدانەوە و گواستنەوەی ئاوی زێی بچووک بوو بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ.
 
بەنداوەکە ساڵانە توانای گلدانەوەی 203 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی هەیە.