سەرۆک بارزانی: دوای هەڵبژاردن هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025 سەرۆک بارزانی لە هەولێر لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و پێکهاتە ئایینییەکان کۆبووەوە، سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا تیشکی خستەسەر پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دۆخی ئەمڕۆ و پێشهاتە سیاسییەکان.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگی بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام، ئاماژەی بەوەکرد، "پێویستە مامۆستایانی ئایینیش هاوکاربن بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەکی ئازادانە و هێمنانە".
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد: "هەمیشە پیلانگێڕی دژی هەرێمی کوردستان هەبووە، تاوەکو ئێستاش ئەو بنەمایانەی دەوڵەتی عێراقی لەسەر دامەزراوە جێبەجێ نەکراون".
سەرۆک بارزانی باسی لەوەشکرد، "گەلی کورد لە عێراق وەکو هاووڵاتییەکیش قبوڵ نەکراوە، تەنانەت ژیانیشیان بۆ کورد بە رەوا نەبینیووە، هەر زوڵمێک کە توانراوە بکرێت، بەرامبەر کورد کراوە".
سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا باسی لە مەترسی مادەی هۆشبەر لەسەر گەنجان و کۆمەڵگە کرد و گوتی بەپلان ئیش لەسەر ئەوە دەکەن، کە گەنجەکانمان تووشی مادەی هۆشبەر بکەن. بۆیە گوتیشی "تکا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەم بەرەنگاری مادەی هۆشبەر ببنەوە".
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەموو هەوڵێکی رێکخستنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەدەن.
سەرۆک بارزانی سوپاسی "خۆڕاگریی" خەڵکی کوردستانی کرد، کە بەهۆی ئەوەی بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕی و بەرگەیان گرت، هەروەها گوتی: "ئومێدەوارین دوای هەڵبژاردن، عێراق بگەڕێنینەوە سەر رێگەی راست".
سەرۆک بارزانی هیوای خواست پێش هەڵبژاردنی عێراق، حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.