لەم هەفتەیەوە بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمتر دەبێت؛ 'بەشێک لە حیزبەکان کێشەی داراییان هەیە'

 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە حیزبە کوردستانییەکان هۆکاری ساردیی بانگەشەکانیان بۆ پێشخستن و زیادکردنی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن گەڕاندەوە. پارتی و یەکێتیش رایانگەیاند، بەهێمنی بانگەشە دەکەن و خەڵک بێزار ناکەن، بەڵام کەرنەڤاڵە جەماوەرییەکانیان لەم دوو هەفتەیەدا زیاتر دەبن.
 
بڕیار بوو 09ـی ئەم مانگە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکات، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کاتەکەی پێشخست و لە 03ـی ئەم مانگەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد و حیزب و بەربژێرەکانیان دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.
 
رۆژی شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، د. ئەشواق جاف، سەرۆکی لیستی پارتی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بانگەشە لای ئێمە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە، پابەندی بڕیاری سەرۆک بارزانین، کە جەختی کردووەتەوە بە هێمنی بەڕێوەبچێت، هەروەها لە چوارچێوەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن بانگەشە دەکەین، زۆر بە هێمنی بۆ پاراستنی ئارامی، ئاسوودەیی و دەروونیی هاووڵاتییان."
 
سەرۆکی لیستی پارتی لە سلێمانی رایگەیاند، "بەربژێرەکان دەرگا بە دەرگا دەگەڕێن، هەڵمەتەکە لە هەموو ناوچەکان بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەک کاریگەریی لەسەر خەڵک نەبێت."
 
شاهۆ نەجم، بەربژێری پارتی لە کەرکووک بە رووداوی گوت، "تاوەکو لە هەڵبژاردن نزیک ببینەوە بانگەشەکە زیاتر گەرم دەبێت، بەربژێرەکان زیاتر دەگەڕێن و گردبوونەوە جەماوەرییەکان زیاتر دەبن، بەتایبەتی لەم دوو هەفتەیەدا."
 
یەکێتی: لە چوارچێوەی پڕۆگرامی خۆمان لەم هەفتەیەوە بانگەشە گەرمتر دەکەین
 
د. بڕیار رەشید، بەربژێری یەکێتی لە بازنەی سلێمانی بە رووداوی گوت، "یەکێتی بڕیاری داوە بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە بە لەسەرخۆیی و لێکتێگەیشتن بەڕێوەبچێت، بەڵام لە چوارچێوەی ئەو پڕۆگرامەی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن دایناوە، لەم هەفتەیەوە بانگەشە چڕتر و گەرموگوڕتر دەبێت، کەرنەڤاڵی جەماوەری زیاتر دەکەین."
 
ئەو بەربژێرەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی دووشەممە لە پارێزگای هەڵەبجە کەرنەڤاڵی جەماوەرییان دەبێت و سەردانی هەموو شار و دەڤەرەکانی دیکەش دەکەن.
 
پارتی بە 175 بەربژێر و یەکێتیش بە 155 بەربژێر لە حەوت پارێزگا بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن.
 
ئەمڕۆ کۆمەڵی دادگەری دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد
 
رۆژی شەممە، 18-09-2021، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا بە فەرمی دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرد. عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە گوتارێکدا داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و رایگەیاند، "ئەگەر هەست بکەین هەڵبژاردنی عێراقیش دیزاین کراوە، بایکۆتی دەکەین."
 
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەری بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ کەرنەڤاڵێکمان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا بانگەشە گەرموگوڕتر دەبێت، لەسەر ئاستی هەموو ناوچە و پارێزگاکان کەرنەڤاڵ دەکەین، بەڵام بە شێوازێک خەڵک بێزار نەکەین."
 
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، کە بانگەشە سارد بووە و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی "38 رۆژ بۆ بانگەشە زۆرە و کاتەکە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پێشخراوە."
 
کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق یەک کورسیی هەیە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا سێ کورسیی بەدەستهێنابوو.
 
بەرەی گەل کێشەی دارایی هەیە و رەوتی هەڵوێستیش دەڵێت توانای مادییان سنووردارە
 
نزیکەی دوو مانگە سەرۆکی بەرەی گەل لە سلێمانی دەستگیرکراوە و حیزبەکەش لەم هەڵبژاردنەدا تووشی کێشەی دارایی بووە.
 
شادومان مەلا حەسەن، بەرپرسێکی بەرەی گەل لە هەولێر بە رووداوی گوت، "بانگەشە پێویستی بە پارەیە و ئێمەش توانامان نییە، بانگەشەکەمان بەهۆی نەبوونی پارە کەمێک ساردوسڕە، بەڵام لە رێگەی سۆشیال میدیاوە لە 3ـی مانگەوە دەستمان بە بانگەشە کردووە و بەردەوامیش دەبین، هەوڵدەدەین بتوانین لە کۆتاییەکاندا کەرنەڤاڵێکی جەماوەری رێکبخەین".
 
هاوکات د. رێبوار کەریم، بەربژێری رەوتی هەڵوێست لە بازنەی سلێمانی، بە رووداوی گوت، "بانگەشەمان لە سۆشیال میدیا دەستپێکردووە، گەڕانی بەربژێرەکانیش بەردەوامە، بەڵام بانگەشە بە هێمنی دەکەین و خەڵک بێزار ناکەین، هەروەها توانای مادیمان سنووردارە، لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بتوانین لە کۆتاییەکان کەرنەڤاڵی جەماوەری رێکبخەین".
 
یەکگرتوو: لەم هەفتەیەوە بانگەشەی هەڵبژاردن پلە بە پلە گەرموگوڕ دەبێت 
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق 16 بەربژێری هەیە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ساڵی 2021 ئەنجامدرا، چوار کورسیی بەدەستهێنا.
 
د. سەلاحەدین بابەکر، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵمەتی هەڵبژاردن لە بازنەی هەولێر و گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رایگەیاند، "هەڵمەتی هەڵبژاردن هەفتەیەک پێشخرا، ئەمەش کاریگەریی لەسەر هەموو لایەنەکان هەبوو، بەڵام ئێمە تاکە لایەن بووین توانیمان لە یەکەم رۆژی بانگەشە کەرنەڤاڵی جەماوەری رێکبخەین بە ئامادەبوونی هەموو کاندیدەکانمان و ئەندامانی سەرکردایەتی".
 
لەبارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن، د. سەلاحەدین بابەکر گوتی، "پلانمان بۆ داناوە، لەم هەفتەیەوە بانگەشەی هەڵبژاردن پلە بە پلە گەرموگوڕ دەبێت تاوەکو دوا رۆژەکان بەردەوام دەبین".
 
لە هەرێمی کوردستانەوە 8 حیزب و 8 بەربژێری سەربەخۆ دەچنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتی و 9ـی دیکەیان کۆتان.