شارەوانیی هەولێر: رۆژانە زیاتر لە 300 دار دەچێنین

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەڵێ، بە پشتبەستن بە بەرهەمی خۆماڵی لە نەمامگەکاندا توانیویانە خەرجییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە و رووبەری سەوزاییش لە شارەکە زیاد بکەن. 
 
بەپێی ئامارەکانی شارەوانیی هەولێر، لە ماوەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا "زیاتر لە 1 ملیۆن و 379 هەزار دار، نەمام و گوڵی جۆراوجۆر لە ناوەندی شارەکە چێندراون."
 
سەروەر وەیسی، لێپرسراوی هۆبەی راگەیاندن لە ئەندازەی پارکەکان، بە تۆڕی میدایی رووداوی راگەیاند، پێشتر بەشێکی زۆری دار و گوڵ لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکران، کە ئەوەش جگە لەوەی تێچوویەکی زۆری هەبوو، هەندێکجار ئەو جۆرە دارانە لەگەڵ کەشوهەوای هەولێر نەدەگونجان یان هەڵگری نەخۆشی بوون، ئەوەش دەبووە هۆی لەنێوچوونی ژمارەیەکی زۆریان.
 
سەروەر وەیسی گوتی، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و بە پشتبەستن بە توانای خۆماڵی، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئێستا خاوەنی سێ نەمامگەی تایبەتە کە بە شێوازەکانی "چاندنی تۆو" و "چاندنی قەڵەم" بەرهەمەکانیان زیاد دەکەن.
 
سەروەر وەیسی گوتیشی، لە چەندین شوێنی سەرەکی و تایبەت دار و گوڵیان چاندووە، لەوانە نێوان شەقامەکانی 120 مەتری و 60 مەتری، سەوزکردنی زیاتر لە دوو کیلۆمەتر لە شەقامی گوڵان، رێگەکانی کەرکووک و کەسنەزان، دەوروبەری قەڵای هەولێر.
 
لە ئەنجامی ئەم هەوڵانەدا، "رێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بۆ 20.155% بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر تاوەکو بازنەیی 150 مەتری رێژەکە 19.8% بوو." 
 
سەروەر وەیسی دەشڵێ، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی بە هاوئاهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی هەولێر و بەپێی یاسا، داوایکردووە هەر پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان، چ پیشەسازی بێت یان نیشتەجێبوون، دەبێ 30%ـی رووبەرەکەی بۆ سەوزایی تەرخان بکات، ئەگەرنا مۆڵەتی پێنادرێ.
 
بەپێی دوایین ئامار، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا "زیاتر لە یەک ملیۆن و 379 هەزار دار، نەمام و گوڵ چێندراون، کە 64,576 دار و 56,683 گوڵی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بووە."
 
بە گوتەی سەروەر وەیسی، تیمەکان بەشێوەیەکی بەردەوام کاردەکەن و رۆژانە تێکڕا نزیکەی 300 نەمام و ساڵانەش زیاتر لە 100 هەزار نەمام دەچێنن.
 
دیارترین ئەو درەخت و گوڵانەی لە نەمامگەکانی شارەوانیی هەولێر بەرهەمدەهێندرێن و لەگەڵ کەشوهەوای ناوچەکەدا دەگونجێن بریتین لە سیسم، ئەلبیزیا، ئەکاسیای میسری، دەدۆنیا، سۆیا، شمشار، جەهەنەمی، ژاڵە، باهۆنیا، شەماسی و گوڵی قاوە.