عەبدوڵڵا رەسوول پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دواییکرد

رووداو دیجیتاڵ 

عەبدوڵڵا رەسوول ناسراو بە مەلا عەوڵا، کادیر و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و باوکی هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکار و بەڕێوەبەری نیوزگەزەرینی رووداو، ئەمڕۆ ئێوارە لە نەخۆشخانەی سەردەم لە هەولێر دوای تووشبوونی بە کۆرۆنا کۆچی دواییکرد، بڕیارە لە گۆڕستانی حاجیاوا بەخاکبسپێردرێت.

مەلا عەبدوڵڵا، دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە. لە گەنجێتییەوە لە شۆڕشی کوردستان دانەبڕاوە و، لە دوای راپەڕینەوە چەندان بەرپرسیاریێتی وەرگرتووە و، دواینیان ئەندامی دەزگای ئەیلوول بوو. 

کۆچکردوو هەڵگری مەدالیای بارزانیی نەمر بوو، کەسێکی خوێندەوار و کەسایەتییەکی دیاری ناوچەی قەڵادزێ بوو.
 
رۆژی 7ـی ئەم مانگە، هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکار و بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو لە فەیسبووک بۆ باوکی نووسیبوو، "لێت فێری بەهێزی و سەرڕاستی و تێکۆشان لە سەختییەکاندا بووم. ئەم سەختییەش تێدەپەڕێ بابە گیان". ئەوکات باوکی تازە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو.

عەبدوڵڵا رەسوول مەحموود ناسراویشە بە (مەلا عەبدوڵڵا رەسوول پشدەری)، ساڵی 1954 لە گوندی شەروێت لە ناحیەی سەردەشت لە قەزای قەڵادزێ‌ لە بنەماڵەیەكی كوردپەروەر و شۆڕشگێر لەدایكبووە.

ساڵی 1967 بووە بە پێشمەرگە و لە چەندین شەڕدا بەشداریی کردووە. ساڵی 1974 بەشداریی لە شەڕەكانی ژاراوە و خەندە كردووە، ساڵێک دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی ئێران دەبێـت، بە بنەماڵەوە دەچێتە سەردەشت و دواتر گوستراوەتەوە بۆ كۆمەڵگای رەبەت و پاشان بۆ كۆمەڵگای زێوە و جەهروم و دواتریش چەند مانگ گواستراوەتەوە بۆ تاران.

ساڵی 1979 دوای رووخانی رژێمی شا لە ئێران لەسەر راسپاردەی ئیدریس بارزانی گەڕاوەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، کەسێکی باوەڕپێکراوی لای ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی بووە.

ساڵی 1983 دەبێتە سەرپەرشتی رێكخستنی هێزی سەركردایەتی و ساڵی 1984 كراوە بە ئەندامی رێكخستنی کەرتی چوار كە فەرماندە رەسوول فەقێ بەرپرسی کەرتەکە بووە. ساڵی 1985 بووەتە كارگێڕی ناوچەی خەبات و ساڵی 1986 بە نوێنەرایەتی لیژنەی خەبات چووەتە ناوچەی خواكوڕك و بووە بە بەرپرسی رەوانەكردنی پێداویستییەكانی لقی یەكی بادینان، ساڵی 1987 بووەتە بەرپرسی دارایی ناوچەی خەبات و ئازادی، هەمان ساڵ كراوە بە كارگێڕی ناوچەی قەڵادزێ‌ و بەرپرسی رێكخستن.

ساڵی 1987 بەشداری لە شەڕی سەری سوورەگڵە كردووە، ساڵی 1988 بارەگای ناوچەیان لە رەزگە گواستووەتەوە بۆ جیخۆنكە لە بناری قەندیل و ساڵی 1989 بووەتە ئەندامی بەشی رێكخستنی لقی چوار.

دوای كۆنگرەی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان گواستراوەتەوە بۆ بەشی ئیداریی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی 1991 بەشداریی لە راپەڕین دەكات و لەكاتی راپەڕیندا بۆ میحوەری رانیە كراوە بە بەرپرسی دارایی.

ساڵی 1992 كراوە بە بەرپرسی رێكخستن لە لیژنەی قەڵادزێ‌ و بووەتە ئەندامی لیوای 23، لە كۆتایی ساڵی 1993 دوای كۆنگرەی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەڵبژاردن بووە بە ئەندامی كارگێڕیی لقی 11، ساڵی 2000 كراوە بە بەرپرسی ناوچەی قەڵادزێ‌، ساڵی 2005 كراوە بە بەرپرسی دەزگای ئەیلوول لە رانیە و قەڵادزی و ساڵی 2012 كراوە بە ئەندامی دەزگای باڵای ئەیلوول لە شەقلاوە.

لە كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن سەرۆك مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانیی نەمری پێ‌ بەخشراوە.

 

هێمن عەبدوڵڵا لە فەیسبووکی خۆی نووسینێکی لەبارەی کۆچی دوایی باوکی و نەخۆشکەوتنی و چەند بیرەوەرییەک بە ناونیشانی "ئەمانەتەکانی باوکم" بڵاوکردووەتەوە.

ئەمانەتەکانی باوکم

پێش چوونم بۆ ئەمریکا بۆ رووماڵی هەڵبژاردنەکان، قسەمانکرد. پلانی ئەوەمان دانا کە دوای گەڕانەوەم لە سەفەر، دەست بە جێبەجێکردنی پلانێک بۆ چارەسەرکردنی ئازیزێکمان بکەین. خەمێکە و چەند ساڵە شەو و رۆژ لەسەر دڵمانە. بەتایبەتیش بۆ ئەو، ئێشێکی گران و ئەرکێکی قورس بوو. پێمگوت: ‘بابە گیان بەتایبەتی تۆ و کاک هێدی خۆتان زۆرتر لە کۆرۆنا بپارێزن’. پێکەنی و گوتی: ‘زۆر ئاگامان لەخۆمانە. بڕوابکە لەنێو ئۆتۆمبێلیش کە پێکەوەین، دەمامک دەبەستین’. دەڵێی دڵم خەبەری دابوو شتێک روودەدات، دیسان پێمگوتەوە. دڵنیایکردمەوە کە خۆیان دەپارێزن. ئێستا کە لە سەفەر هاتوومەتەوە، پلانی پێکەوە کە هیچ، باوکیشم لەدەستدا. 

لەو رۆژانەدا کە کۆرۆنا شەکەتیکردبوو، بەمنیان نەگوتبوو. لە واشنتن هەندێک هەڤاڵی کۆنی ئەوم بینین. باسی سەردەمی زوویان بۆ کردم. ساڵانی حەفتا، کە بەهۆی نسکۆی شۆڕشەوە، زۆر لە گەنجانی شۆڕش بۆ خوێندن لە ئێرانەوە دەنێردرانە ئەمریکا و ئەوروپا. باوکم یەکێک بوو لەو گەنجە پێشمەرگانە کە کاک ئیدریس ویستبووی بینێرێتە ئەمریکا. مامەڵەکانیشی تەواوببوون، بەڵام دوایی لەجیاتی واشنتن لە شۆڕشی نوێدا رووی کردبووەوە شاخ. چەندجار ویستم لەلای هەڤاڵەکانیەوە تەلەفۆنی بۆ بکەم و قسەیان لەگەڵ بکات، بەڵام جیاوازیی کات و سەرقاڵیی زۆرم بە کارەوە وایدەکرد نەتوانم ئەوە بکەم. دامنابوو کە گەڕامەوە، بۆی بگێڕمەوە کە هاوڕێکانی چییاندەگوت. مخابن تازە قەت ئەو دەرفەتەم بۆ ناڕەخسێ. 

ساڵانێک لەمەوپێش کە بۆ بەشداری لە دامەزراندنی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ یەکەمجار گەڕامەوە کوردستان، خۆی هاتبووە فڕۆکەخانە. شەو لە ماڵی شەونم خانی خوشکم بووین لە هەولێر. من هیلاک بووم و لێی خەوتبووم، بەیانی کە چاوم هەڵێنا، بینیم سەری خستووەتە سەر سەرینێک و بەسۆزەوە تەماشای کوڕە خەوتووەکەی دەکات. دروست وەک ئەو کاتانە تەماشایدەکردم کە لە ساڵانی هەشتادا لە شاخ بوو و لە ساڵێکدا چەندجارێک نیوەشەوان دەگەڕایەوە و بەیانییان بەو سەیرکردنانە خەبەرم دەبووەوە. 

باوکم پیاوێکی ماندووبوو، بەڵام هەمیشە پاک و سەربڵند و بێمنەت بوو. نەنکم دەیگوت کاتێک بووەتە پێشمەرگە، بڕنەوەکەی لەخۆی گەورەتر بووە. لەبەر زیرەکی و خوێندەوارییەکەی زوو بووەتە کادیر لەنێو شۆڕشدا. یەکێک لەو شتانەی زۆر شانازیی پێوەدەکرد و دەیگێڕایەوە، چیرۆکی ئاغایەکی زاڵمی پشدەرێ بوو، کە بەهۆی بەشداریی باپیرم لە خۆپیشاندانێکی دژی دەرەبەگایەتی لە رانیە (لە سەردەمی عەبدولکەریم قاسم)، ماڵی خۆی و براکەی سووتاندبوو و لە گوندی خۆیان دەریکردبوون. ساڵانی دواتر باوکم نوێنەری شۆڕش بوو بۆ کۆکردنەوەی ‘یارمەتی’ لە ئاغاوەت بۆ شۆڕش، کە یەکێکیان ئەو ئاغایە بوو. 

ئەو من و براکانم و خوارزا و برا و برازا و ئامۆزاکانی فێری ئەوە کرد کە دەستپاک بین. موڵکی شۆڕش و میللەت بە ئەمانەت بزانین و دەستی بۆ نەبەین. خۆی هەمیشە لەو شوێنە هەستیارانە بەرپرسیارێتیی هەبووە کە پارەی لێبووە و دەیتوانی لەسەر حیسابی شۆڕش زۆر دەوڵەمەند بێت، بەڵام هەرگیز نەیکرد و بە ئیمانیشەوە نەیکرد. رۆژێک لە ئۆفیسی ئەوروپای رووداو دەهاتمە دەرەوە، زۆر تینووم بوو. بوتڵێک ئاو، کە بۆ میوانان کڕدرابوو، لە ساردکەرەوە دەرمهێنا و بەبێئەوەی ئاگام لەخۆم بێ، پرسیارم لە هاوکارانم کرد، ئەگەر ئەو ئاوە لەگەڵ خۆم ببەم بۆ رێگەی ماڵەوە گەندەڵی نییە؟ پێکەنین و گوتیان نا، ئیشتکردووە و ئاساییە. دواتر بیرمدەکردەوە ئەوە شتێکی زۆر سادەیە و پێویست بە پرسیار نەبوو، بەڵام دەمزانی ئەوە کاریگەریی باوکمە لەسەرم ماوە و دەشمێنێ. 

باوکم بڕوای بەوە نەبوو کە پێشمەرگایەتی و خزمەتی کوردستان شتێک بێت بکرێتە منەت لەسەر خەڵک. ئەو بۆخۆی کردبووی و بڕوای پێهەبوو. دوو جار بریندار ببوو و جارێکیش بەدیل گیرابوو، بەڵام قەت لەوەی بڕوای پێی هەبوو دڵسارد نەببووەوە. هەمیشە بەرپرسیارێتیی هەبوو، بەڵام خۆی لێ نەگۆڕابوو و دەیەویست هەم خۆی و هەم کەسانی نزیکیشی سادە بن و کوڕی خەڵک بن. زۆربەی خزمەکانی ئێستاشی لەگەڵدابێ گلەیی ئەوەی لێدەکەن کە وەک بەرپرسانی دیکە خزم و کەسی خۆی نەدەبردە پێشەوە و مووچە و پۆستی بۆ وەرنەدەگرتن. ئەو گوێی لەو گلەییانە نەبوو و ئەمانەتدارییەکەی پێ گرنگتر بوو و دەیگوت دەبێ هەموو کەس بە لێهاتوویی خۆی پێشکەوێ. سەربەرزم کە منیش وا بیردەکەمەوە و خزمایەتیم پێش پرۆفێشناڵی نەخستووە. 

ماڵباتێکی زۆر گەورەی بەسەرشانەوە بوو، بەڵام زۆر زۆر گوشاری بۆ هاتبووایە یەک دوو کەسی باڵای نێو پارتی هەبوون کە دەیانزانی دۆخی خراپە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی ئەوانەی بە شەخسی دەناسی کە هەمەکارەی پارتی بوون و هەن. بەردەوامیش یادی کاک ئیدریسی دەکردەوە، کە هەڤاڵ و دۆستی نزیکی بوو. جارێکیان نامەیەکی کاک نێچیرڤانی پیشاندام کە بۆ هەڤاڵێکی دیکەی نووسیوە و باسی ئەوە دەکات کە گرنگیی باوکم بۆ ئیدریس چی بووە. ئەوکات بۆ من شتێکی گرنگ نەبوو، بەڵام دواتر هەستمکرد ئەو ئەوەی پێ لە مەدالیایەکی گەورە گەورەتر بوو. دواتریش زۆر دڵی خۆش بوو کە مەدالیای بارزانیی لە کاک مەسعود وەرگرتبوو. زۆر بەشانازییەوە لە یەکەم گەڕانەوەمدا پیشانیدام و دیاربوو لە شوێنی باشیش هەڵیگرتبوو. 

ئەو هەمیشە ئومێدەوار بوو و کێوی ورە بوو. بڕوای بەوە نەبوو کە چۆک بۆ سەختییەکان دابدات و تا ژیا شەڕی بۆ سەرکەوتن دەکرد. هەر ئەوەشی فێری ئێمە کرد. بۆیە وامدەزانی سەختیی کۆرۆناش دەبەزێنێ، بەڵام داخی گرانم دەردەکە گرانتر بوو و باوکمی لێستاندین. 

بەداخەوە لە ساڵانی رابردوودا، بەهۆی کارەکەمەوە زۆر کەم توانیم لەخزمەتیدابم، بەڵام ئەو تێدەگەیشت. خۆیشی گەنجێتیی ئاوا بەڕێکردبوو. زۆرجار نەنکم دەیگوت، وادەزانێت شۆڕش بەو دەڕووخێ و بەویش سەردەکەوێ. کاتێک داعش تازە هاتبوو، هەندێک بەرنامەی مەیدانیمان بۆ رووداو لە بەرەکانی شەڕەوە دەکرد. هەستمکرد پێیخۆش نییە، بەڵام دڵی نەدەهات راستەوخۆ پێمبڵێت. دەیگوت زۆر کەس تەلەفۆنم بۆ دەکات و دەڵێت چۆن رێگە بە هێمن دەدەی بچێتە ئەو شوێنە خەتەرانە! هەردووکمان پێدەکەنین و وامان پیشاندەدا کە هیچ نەبووە. 

باوکم و دایکم یەکدییان زۆر خۆشدەویست، بەڵام بەداخەوە نەیانهێشت پێکەوە بەختەوەربن. من ئەوکاتەی دایکم کۆچی کرد و گریانی بەکوڵی باوکمم بینی، ئەوەم بەقووڵی هەستپێکرد. لەگەڵ ئەوەشدا هەردووکیان دوو دنیابینیی جیاوازیان بۆ ئایندەی منداڵەکانیان هەبوو. دایکم لە رۆژانی هەژاری و نەداریدا، کە باوکم لە شاخ بوو، لە نەغەدە چلوورەی دروستدەکرد و منی دەناردە بەردەم قوتابخانەکان بۆئەوەی بیانفرۆشم. بۆیاخچێتی و برمە و پفەک و پەشمەک و گوڵەبەڕۆژەی دنیام فرۆشت، بەڵام کاتێک باوکم دەگەڕایەوە، تووڕە دەبوو و دەیگوت، ئەو کوڕە تەنیا دەبێ بخوێنێ. کەچی دوایی کە دۆخی ژیانمان زۆر خراپ ببوو و باوکم هاوین لە پێشمەرگایەتی مۆڵەتی وەرگرتبوو، ناچاربوو لەگەڵ خۆی بمباتە سێوچنین و نۆکڕنین. ئێستا کە بیرمدێتەوە چۆن رۆژانی پشووی تێپەڕاندووە، کزە لە جەرگم دێت. 

چەند کاژێرێکی دیکە دەگەڕێمەوە کوردستان. ئەمجارە نە باوکم دێتە فڕۆکەخانە بەدوامدا، نە ئومێدێکیشم هەیە کە بیبینمەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەهێزم و ئومێدەوارم. ئومێدەوار بەوەی کە ئەو خۆشەویستییەی دایک و باوکم لەم دنیایەدا نەیانتوانی بۆ یەکدی پیشانیبدەن و تامی لێوەرگرن، لەو دنیادا پێکەوە بتوانن بۆ هەمیشە تێیدابن. رۆحت شاد بابەگیان. خەمی ئەمانەتەکانت نەبێ، کەلێنی تۆم پێ پڕناکرێتەوە بۆیان، بەڵام وەک بیلبیلەی چاوم دەیانپارێزم.  

+ وێنەکە لە راستەوە بۆ چەپ: دایکی کۆچکردووم، من لەکۆشیدا دانیشتووم و بەسەرسامی تەماشای باوکم دەکەم، پوورە گوڵاڵەم، کە دوای مەرگی دایکم شوێنی دایکمانی گرتەوە، خاڵە رێبوارم کە هێندەی خۆم خۆشمدەوێت، باوکم، کە کێوی هیوا و تێکۆشان بوو بۆ من، لەپشت سەرییەوە کاک ئەدیبی جوانەمەرگی پوورزام، کە مخابن بەگەنجی بەجێیهێشتین، لەگەڵ پوورە ئەشرەفم، کە پێشمەرگەیەکی لەبیرکراو و مامۆستا و پشتیوانێکی گەورەم بووە لە رۆژە سەختەکاندا.