دوای 25 رۆژ لە دەستگیركردنی، بەختیار سەعیدی شێوەكار ئازاد كرا

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای 25 رۆژ لە دەستگیركردنی لەسەر سكاڵایەكی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری ‏شێوەكاریی سلێمانی، بەختیار سەعید-ی شێوەكار ئازاد كرا.‏
 
رێبوار سەعید، برای بەختیار سەعید بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ‏نزیكەی 25 رۆژ لە دەستگیركردنی، نیوەڕۆ ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-11-2021 بەختیار سەعید بە ‏كەفالەت ئازادكراوە و "ئێستا گەڕاوەتەوە ماڵی خۆی".‏
 
بەختیار سەعید، كە لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شێوەكاریی سلێمانی، كە ئێستا ‏سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیر‌ی و هونەریی سلێمانییە، دەستگیركراوە. ‏هۆكاری سكاڵاكەش وەكو محەممەد كوردۆ، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیر‌ی و ‏هونەریی سلێمانی بۆ رووداوی روونكردەوە، لەسەر ئەوە بووە كە بەختیار سەعید ‏مافی لەچاپدانەوەی  كوراسەی شێوەكاری هەردوو هونەرمەند (ئازاد شەوقی ‏‌و بەدیع باباجان) كە بەڕێوەبەرایەتییەكەی بۆیان چاپكردووە، نەپاراستووە ‌و ‏داویەتییە دەزگایەكی دیكە، ئەوانیش دووبارە چاپیانكردووەتەوە، لەسەر ئەوەش ‏سكاڵا لەسەر بەختیار سەعید تۆماركراوە.‏
 
محەممەد كوردۆ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە دژی ئەوەین كە ئەو ماوە زۆرە ئەو هونەرمەندە ‏راگیراوە‌ و نەدەبوو بەو جۆرە بێت، بەڵام بۆ سكاڵاكە حاڵەتێكی ئاساییە‌ و پێمانباشە بەشێوەیەكی یاسایی ئەو دۆسیەیە یەكلایی ببێتەوە".‏
 
بەختیار سەعید-ی شێوەكار، برای هونەرمەند رێبوار سەعیدە، كە هونەرمەندێكی بواری ‏شێوەكارییە لە شاری سلێمانی.