لە چۆمان گەنجێک گولـلە لەدەستی دەردەچێت و خۆی دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
تەندروستیی چۆمان رایگەیاند، گەنجێکی 20 ساڵان لە ناحیەی گەڵاڵەی چۆمان لە کاتی راوکردندا گوللـەی لەدەست دەردەچێت و بەهۆیەوە گیانلەدەستدەدات. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، گەنجەکە خێزاندارە و باوکی یەک منداڵە.
رۆژی شەممە، 18-11-2023، د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەنجەکە ناوی محەممەدە و تەمەنی 20 ساڵە، کاتێک گەیێندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و ئاسەواری گوللـەی تاپڕ بە جەستەیەوە بووە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، گەنجەکە پۆلی 12ـی ئامادەیی بووە، خێزاندار بووە و باوکی منداڵێکە، بە تەنیا خۆی بووە و لە کاتی راوکردندا رووداوەکە روویداوە، گوللـە بەر قاچەکانی کەوتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێنی زۆر لەبەر رۆیشتووە گیانی لەدەستداوە.
رووداوەکە لە کوێستانی رەزگە بووە کە نزیکەی 5 بۆ 10 کیلۆمەتر لە ناحیەی گەڵاڵە دوورە، تیمەکانی تەندروستی و هاووڵاتییانی ناوچەکە درەنگ رووداوەکەیان زانیوە و خوێنی زۆر لەبەر رۆیشتووە.