هەولێر لە 2026؛ یەکێک لە باشترین شوێنە گەشتیارییەکانی جیهان و ئامادەکاری بۆ زۆرترین گەشتیار

 
رووداو دیجیتاڵ

گۆڤارێکی بەنێوبانگی جیهانیی تایبەت بە کەرتی گەشتیاری، هەولێری وەکو یەکێک لە باشترین شارەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پۆلێن کردووە. مەسرور بارزانی دەڵێت، "هەولێر بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین بە جیهان."
 
گۆڤاری به‌نێوبانگی گه‌شتیاریی (کۆندێ ناست تراڤڵه‌ - Condé Nast Traveler)، لیستی باشترین شوێنه‌کانی ئاسیای بۆ گه‌شتیاری له‌ ساڵی 2026 بڵاوکرده‌وه‌، کە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە لیستەکەدا وەکو یەکێک لە باشترین شارەکان دەستنیشان کراوە.
 
مەسرور بارزانی: ناساندنی هەولێر وەک یەکێک لە باشترین شوێنە گەشتیارییەکان رێزلێنانە لە گەلەکەمان
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەوبارەوە نووسینێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ناساندنی هەولێر وەکو یەکێک لە باشترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئاسیا بۆ ساڵی 2026، تەنیا پلەبەندییەک نییە، بەڵکو رێزلێنانێکە لە گەلەکەمان، هەست و سۆزی ئەوان و چیرۆکی هەزاران ساڵ مێژوو."
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە لە ئیلهامبەخشین بە جیهان."
 
دەستەی گەشتوگوزار: دەستنیشانکردنی هەولێر لەخۆوە نەبووە
 
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لەوبارەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "هەڵبژاردنی هەولێر وەکو یەکێک لە باشترین شوێنە گەشتیارییەکان، فاکتەرێکی زۆر بەهێز دەبێت بۆ ناساندنی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی."
 
ئەمڕۆ سێشەممە ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەو دەستنیشانکردنە لەخۆوە نەبووە، ئێستا هەولێر بووەتە ناوەندێکی گەشتیاری لە ناوچەکە، چونکە کۆمەڵێک براند و شوێنی پێنج ئەستێرەی لێیە، هەروەها شوێنی گەشتیاری و مێژوویی زۆری لێیە و ئەمنیەتیشی زۆر باشە."
 
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی، "لە کابینەی نۆیەم گرنگییەکی زۆر بە کەرتی گەشتوگوزار دراوە و کراوەتە پێشینەی کارەکان، بە جۆرێک کە لەو ساڵانەدا 80 پرۆژەی جیاواز بە گوژمەی 7.5 ملیار دۆلار لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون."
 
گەشتوگوزاری هەولێر: ساڵانە 3 ملیۆن گەشتیار دێنە هەولێر و پلانمان داناوە بۆ زیاترکردنی
 
نەریمان فازڵ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "جگە لە پلانی ساڵانەی خۆمان، پلانمان بۆ پێشوازی لە گەشتیار هەیە، چونکە تێکڕا زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار ساڵانە دێنە هەولێر."
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "کار بۆ ئەوە دەکەین ساڵ بە ساڵ هاتنی گەشتیار زیاتر بکەین، بۆ ئەو مەبەستەش پلانمان بۆ بەبازاڕکردن بۆ کەرتی گەشتوگوزاری هەولێر داناوە."
 
"شوێنێکی ئارام لە ناوچەیەکی ناسەقامگیردا"
 
گۆڤاری گه‌شتیاریی کۆندێ ناست تراڤڵه، لە راپۆرتێکیدا لەبارەی هەولێرەوە نووسیویەتی، "هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە، کە شوێنێکە دەوڵەمەندە بە میراتی کولتووری و جوانیی سرووشت. دانیشتووانێکی هەمەچەشنی هەیە کە شانازی بە ناسنامەی کوردیی خۆیانەوە دەکەن."
 
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، یەکەم هەنگاوی گەورە پێشوازیکردنە لە میوانان، بە ئامانجی راکێشانی 20 ملیۆن گەشتیار بۆ ناوچەکە تاوەکو ساڵی 2030.
 
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمڕۆ تاوەرە بەرزەکان ئاسمانی هەولێریان رازاندووەتەوە، چونکە هەولێر مۆدێرن دەبێتەوە، لەگەڵ گەشەپێدانە نوێیەکان وەکو شەقام و پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کە چەندین براندی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت.
 
دەشڵێت، "ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی گەورەترین کۆنسوڵخانەی خۆی لە جیهاندا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر، بەپێی راپۆرتەکان ئەکادیمیایەکی لاوانی تۆپی پێی ریاڵ مەدریدیش لە رێگادایە."