بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان: 6000 کەس لە چاکسازییەکانن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، 6 هەزار کەس لە چاکسازیی گەوران، ژنان و منداڵانن کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێرن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بە دەرکردنی یاسای لێبووردنی گشتی، بارگرانی سەر چاکسازییەکان کەم دەبێتەوە.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، میوانی بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو بوو و رایگەیاند: "باڵەخانەی چاکسازییەکان کۆنن و بۆ ژمارەیەکی کەمتر لە زیندانی دروستکراون. بۆ نموونە، باڵەخانەیەک کە بۆ 900-1000 کەس دروستکراوە، ئێستا ژمارەیەکی زۆر زیاتری تێدایە." ئەو بەرپرسە هۆکاری سەرەکی ئەم قەرەباڵخیەی گەڕاندەوە بۆ "زیادبوونی تاوان و دەرنەکردنی یاسای لێبووردنی گشتی" لە چەندین ساڵی رابردوودا.
 
سێ چاکسازیی گەوران لە هەرێمی کوردستان هەن کە لە هەولێر، سلێمانی و دهۆکن. سێ چاکسازیی ژنان و منداڵانیش لە هەر سێ شارەکە هەن.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێ، ژمارەی گشتیی سزادراوان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان 6000 کەسە کە زۆرترینیان لە چاکسازی گەورانی هەولێرن کە 2212 کەسن.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان، قەرەباڵخی نێو چاکسازیی گەورانیی هەولێر بەجۆرێکە شوێنی مانەوە نەماوە و "نزیکەی 200 کەس کە بڕیاری سزادانیان دەرچووە، لە بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوە ماونەتەوە، چونکە شوێنیان نییە."
 
چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆکیش هەیە، بەڵام بە گوێرەی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان، "باڵەخانەکانیان کۆنن." ئیحسان عەبدولرەحمان دەڵێ، بینایەکی نوێ لە هەولێر بۆ چاکسازیی ژنان و منداڵان دروستدەکرێ کە 67%ی تەواو بووە، بەڵام "بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی دواکەوتوون." ژمارەی سزادراوان لە چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر نزیکەی 400 کەسە کە "چوار هێندەی توانای شوێنەکەیە."
 
"لێبووردنی گشتی؛ فریادڕەسی چاکسازییەکان"
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، هیوای زۆری بە دەرچوونی لێبووردنی گشتی هەیە و دەڵێ: "تاوەکو ئێستا سێ جار لێبووردنی گشتی دەرکراوە کە لە 2007، 2012 و 2017 بووە، بەڵام ئەوە نزیکەی 8 ساڵە هیچ لێبووردنێکی گشتی دەرنەکراوە. ئێمە لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا رەشنوسێکمان ئامادەکرد و تەنیا ئەوە ماوە پەرلەمان کاری لەسەر بکات و چاوەڕوانی دەستبەکاربوون و کارابوونی پەرلەمانی کوردستان دەکەین."
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەشدا، "لەدوای کارابوونی پەرلەمان، لە رێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەشنووسەکە رەوانە دەکەین." گوتیشی، "لەوانەیە 50%ی ئەو 6000 زیندانییەی ئێستا لە چاکسازییەکانن، لێبووردنی گشتی بیانگرێتەوە. ئەو رەشنووسەی ئامادەکراوە، ئەوانەی تاوانەکانیان قورس نییە و مافی کەسیان لەسەر نەماوە، دەکرێ سوودمەندبن لێی."
 
"کردنەوەی چاکسازیی نوێ"
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە پلانی کردنەوەی چاکسازیی نوێی لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان هەیە. ئیحسان عەبدولڕەحمان دەڵێت، "دوو ساڵە بڕیاری کردنەوەی چاکسازیی گەوران لە گەرمیان دراوە، بەڵام باڵەخانەکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە و بەهۆی گرفتی نەختینە و قەیرانی داراییەوە تاوەکو ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە، بەڵێندەر وەریناگرێ و داوای دڵنیایی دەکات بۆ ئەوەی پارەی بۆ خەرجبکرێت."
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان باس لەوە دەکات، کردنەوەی ئەو چاکسازییە لە گەرمیان سوودێکی زۆری بۆ ناوچەکە دەبێت لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، چونکە نزیکەی 500 کەس لە چاکسازی گەورانی سلێمانی دەگەڕێندرێنەوە گەرمیان.
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، "داوامانکردووە لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەکانی سۆران و زاخۆش چاکسازی بکرێتەوە، ئەوەش لەپێناو کارئاسانی زیاتر بۆ هاونیشتمانییان و کەمکردنەوەی قەرەباڵخی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان."