مەسرور بارزانی: سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە لە رۆژانی داهاتوودا مووچە بنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی دەڵێت، بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق مەرجیان جێبەجێکردنی دەستوورە. لەبارەی پرسی مووچەش گوتی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە لە رۆژانی داهاتوودا مووچە بنێرێت."
رۆژی سێشەممە 18-11-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە پەراوێزی کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، "هەروەک خۆتان دەزانن، زۆر بە پەرۆش بووین کە پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنین، بەڵام بەداخەوە لایەنەکان لەگەڵمان هاوڕا نەبوون. ئەوانیش دیارە لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ پێکهێنانی حکومەت هەبوو. ئێستاش هەلومەرجی نوێ هاتووەتە پێشەوە و ئێمەش بەپێی ئەو هەلومەرجە رەفتار دەکەین."
هەفتەی رابردوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی باشووری کوردستان وەک هێزی یەکەم مایەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگیشی بەدەستهێنا. مەسرور بارزانی گوتی، "بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی عێراق، مەرجمان جێبەجێکردنی دەستوورە."
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتی، "باسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوومان کرد، لەگەڵ پرسی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، بەتایبەتی بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچە. ئەوانیش بەڵێنیان داوە کە بە زووترین کات لە رۆژانی داهاتوودا مووچە بنێرن."
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەموو پابەندییەکی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی پارەکەیە لە لایەن بەغداوە.