ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان دەستبەسەرکرا
رووداو دیجیتاڵ
لە درێژەی دەستبەسەرکردنی بەرپرسانی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شار لە کرماشان، سێیەم ئەندامی ئەنجوومەنی شارەکە دەستبەسەرکرا.
رۆژی سێشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2025، میدیای ئێران بڵاویکردەوە: "هێزەکانی هەواڵگریی سوپای پاسداران ئەندامێکی دیکەی ئەنجوومەنی شاری کرماشانیان بە تۆمەتی گەندەڵی، سەرپێچیی کارگێڕی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی دەستبەسەرکردووە".
ناوی ئەو بەرپرسە ئاشکرانەکراوە، بەڵام بە گشتی تاوەکو ئێستا 3 ئەندامی ئەنجوومەنی شاری کرماشان دەستبەسەرکراون و ئەنجوومەنەکە بە تەواوی هەڵوەشێندراوەتەوە.
میدیای ئێران لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی شارەکەوە رایگەیاند، دەستبەسەرکردنی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان لە درێژەی بەدواداچوون و دۆزینەوەی کەسانی گەندەڵ و سەرپێچیکار لەنێو دامودەزگا حکومییەکانی پارێزگاکەدا بووە.
حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی کرماشان، رۆژی 15-10-2025 رایگەیاند، دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شاری کرماشان و سەرۆکی یەکێک لە ناوچەکانی شارەوانیی کرماشان، بەڕێوەبەرێک و دوو فەرمانبەری شارەوانیی ئەو شارە دەستبەسەرکراون.
داواکاری گشتیی کرماشان گوتی، بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی بەرپرسیارێتییان لە ئەنجوومەنی شار و شارەوانیی کرماشان و وەرگرتنی بەرتیل، بەڵگە هەیە کە دەستبەسەرکراوان لە سەرچاوە گشتییەکان و پڕۆژەکانی شارەوانی پارەیەکی زۆریان بۆ خۆیان بردووە.
رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2025، سەعید سەلیم ساسانی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری شار و ئەنجوومەنە ئیسلامییەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند: "بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی شاری کرماشان بە فەرمی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەوە پەسندکراوە و بەپێی مادەی 127ی یاسای ئەنجوومەنەکان، پارێزگاری کرماشان هەموو ئەرک و کاروبارەکانی پەیوەست بەو ئەنجوومەنە بەڕێوەدەبات."
21ی حوزەیرانی 2025 نادر نۆروزی، سەرۆکی ئەو کاتی شارەوانیی کرماشان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێش کرد و لە کۆبوونەوەی 27ی تەمموزی ئەم ساڵیش ئەنجوومەنی شاری کرماشان رەزامەندی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی دەربڕی و لە هەمان کۆبوونەوەدا حەمید ئیعتسامفەر بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی شاری کرماشان بە شێوەیەکی کاتی وەک سەرپەرشتیاری شارەوانیی شارەکە هەڵبژێردرا.