کارەبای هەولێر: پچڕانی کارەبا کێشەیەکی تەکنیکییە و ئەمڕۆ و سبەی چارەسەر دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر دەڵێ، کێشەیەکی تەکنیکی بۆ کارەبای هەندێک شوێن دروست بووە، بەڵام "بە زووترین کات" چارەسەر دەکرێ.
ڕۆژی سێشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2025، بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما و ساردبوونی کەشوهەوا، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا زۆر زیادی کردووە، ئەمەش بووەتەهۆی دروستبوونی هەندێک کێشەی تەکنیکی لە کارەبای پارێزگاکە."
دوو رۆژە بەشێکی پارێزگای هەولێر ماوە ماوە کارەباکەی دەپچڕێ. بەختیار قاسم گوتی: "گوشار لەسەر وێستگەکانی کارەبا زیاد بووە. ئەو سیستمەی چاودێریی وێستگەکان دەکات بەهۆی گوشارەوە شەتداون دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە ناوچەکان بۆ ماوەیەک کارەبایان ببڕێ."
بە گوتەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر، تیمەکان خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکەن و ئەمڕۆ یان سبەی کێشەکە چارەسەر دەکرێ.
لە رۆژانی ئاساییدا لە هەرێمی کوردستان 4200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێ. بەپێی ئاماری وەزارەتی کارەبا، ملیۆنێک و 131 هەزار هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەن، زۆرترینیان لە هەولێر و کەمترینیشیان لە سنووری پارێزگای هەڵەبجەن.