لە سلێمانی چوار کەس بەتۆمەتی دەستدرێژیکردن و نوشتە و جادوو'' دەستگیرکران
رووداو - هەولێر
هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد، كە بەناوی نوشتەو جادووەوە پارەیان لە كچان و ژنان وەرگرتووە و دواتریش دەستدرێژیان كردووەتە سەریان.
بەشی راگەیاند و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو چوار کەسە رایگەیاند: "هێزەكانیان لەناو شاری سلێمانی چوار كەسیان دەستگیركردووە كە بەناوی نوشتەو جادووەوە پارەیان لە كچان و ژنان وەرگرتووە دواتر دەستدرێژیان كردووەتە سەریان".
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "دوای سكاڵای كەسێك و بەدواداچوونەكانمان و ئەنجدامدانی پشكنین بۆ ئەو كەسە ، دەركەوتووە كەسێكی دیكە دەستدرێژی كردووەتە سەری و دواتریش توانیمان ئەو تۆمەتبارە دەستگیربكەین و دوای لێكۆڵینەوەش دانی بە تاوانەكەیدا ناوە".
پۆلیسی سلێمانی ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو کەسە لە دانپێدانانەکەدا گوتویەتی ''دەستدرێژی كردووەتە سەر سكاڵاكار و ئافرەتێكی دیكەش، هاوكات بە مەبەستی جادووكرن پارەی لە چەند ئافرەتێكی دیکەش وەرگرتووە" .
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسدا ئەوەش خراوەتەڕوو ''دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانراوە سێ تۆمەتباری دیكە كە هەمان كاریان لەگەڵ ژنان و كچان كردووە دەستگیربكرێن''.
ئەو تۆمەتبارانە بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 393 لە یاسای سزادانی عێراقی بەندن و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیان بەردەوامە.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن