بەفر و باران پارێزگاکانی سنە و ورمێی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرتووەتەوە و کەشناسیی هۆشداریی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
لە بەرەبەیانی رۆژی هەینییەوە بەفر و باران پارێزگاکانی ورمێی و سنەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گرتووەتەوە کە بووە هۆی داخستنی رێگا سەرەکییەکان، فڕۆکەخانە و قوتابخانەکانی ورمێ. زۆرترین بەفریش لە ورمێ و پیرانشار باریوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی ئێران هۆشداریی دەدات لە بەفر بارین و بارانبارنی بەلێزمە لە باشووری پارێزگای ورمێ و پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و داوا لە هاونیشتمانیانی ئەو پارێزگایانە دەکرێت لە ماڵەکانی خۆیان بمێننەوە و ئەگەر پێویست نەبێت هاتووچۆ نەکەن.
لە سنووری شاری شنۆ بەفرێکی زۆر باریوە کە رێگا سەرەکییەکانی ئەو شارەی داخستووە. هەروەها زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێل لە رێگاکانی ورمێ، شنۆ و خۆی مابوونەوە کە دوای هەوڵێکی زۆر لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنی مانگی سوورەوە رزگارکران.
هەروەها بەفر و باران و تەم وایکرد کە فڕۆکەخانەی ورمێ دابخرێت و گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکە هەڵبوەشێندرێنەوە.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، قوتابخانەکانی ورمێ بەهۆی بەفر و ساردبوونی هەواوە لە رۆژی شەممە دادەخرێن.
هەروەها لە زۆربەی شارەکانی پارێزگای سنە باران بارین هەبووە و هۆشداریی دەدرێت لە دروستبوونی لافاو لە شارەکانی بانە، مەریوان، سەقز، سەوڵاوا و رۆژئاوای سنە.
بەپێی پێشبینی کەشناسیی، لە رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگای سنە دەگرێتەوە و تاوەکو رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت.