قایمقامی هەولێر: زیانەکانی ئەم لافاوە زۆر لەوەی پێشوو زیاترن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمساڵ دووەم جارە لافاو لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دەدات و زیانێکی زۆر بە خەڵکی دەگەیێنێت. قایمقامی هەولێر دەڵێت، زیانەکانی لافاوی ئەمجارە زۆر لەوەی لافاوەکەی پێشوو زیاترن.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "زیانەکانی ئەم لافاوە زۆر لەوەی گوندی کۆری و زێڕین زیاترن. ئەمجارە ناحیەی دارەتوو زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. ئەگەر دوای لافاوەکەی پێشوو هەندێک کار هەبوون نەکرایەن، ئەوا شاری زێڕین و گوندی کۆری زیانی زۆر گەورەیان بەردەکەوت".
 
لە لافاوەکەی ئەمجارەدا کە چەند گەڕەکێکی هەولێر و دەوروبەری گرتبووەوە 12 کەس خنکاون کە یەکێکیان منداڵێکی 10 مانگانە و ئاو بردوویەتی.
 
قایمقامی هەولێر گوتی، "ئەو 12 کەسەی لە لافاوەکەدا مردوون، سیانیان بیانین کە دووانیان نیپاڵین و یەکێکیشیان تورکە. ئەوانی دیکەیش هاووڵاتیی کورد و عەرەبن. ئەوانەیش بەسەر قووشتەپە، بەحرکە، رۆشنبیری و دارەتوودا دابەشبوون. تیمەکانی شارەوانی و بەرگریی شارستانیش بەدوای تەرمی منداڵە 10 مانگانەکەدا دەگەڕێن و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە".
 
رۆژی شەممە 18-12-2021 تیمەکانی شارەوانی و بەرگریی شارستانی لە کاژێر 07:00ـی بەیانییەوە دەستیان بە پاککردنەوەی ماڵ و کۆڵانە زیانبەرکەوتووەکان کردووە.
 
نەبەز عەبدولحەمید گوتی، "بۆ پاککردنەوە پێویستمان بە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار و ئامێرە. دوێنێ هەزار و 200 کرێکار کاریان کردووە".
 
جگە لەوەی خەڵک زیانێکی زۆریان کردووە، حکومەتیش زیانی زۆری بەرکەوتووە؛ چەندین پرد لە دەوروبەری هەولێر رووخاون، زیان بە رێگەوبان و تۆڕی کارەبا گەیشتووە و، وێستگەی کارەبای دارەتوو پەکیکەوتبوو.
 
قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، ئەو بۆشاییەی لە کارەبای نیشتمانیدا بەهۆی زیانەکانی لافاوەکەوە دروست دەبێت، بە کارەبای موەلیدە پڕدەکرێتەوە.
 
رۆژی هەینی 17-12-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هۆکاری لافاوەکە بەهۆی دەستکاریکردنی رێڕەوی ئاوەوە بووە. نەبەز عەبدولحەمید ئاماژەی بەوە کرد، "لیژنەکانمان بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی لافاوەکە دەکەن. هەر لایەنێک، چ حکومی و چ کەرتی تایبەت، کەمتەرخەم بێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
 
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رەخنە دەگیرێت و دەگوترێت هۆکاری لافاوەکان ئەوەن کە "هەولێر بە هەڕەمەکی فراوان بووە".
 
قایمقامی هەولێر دەشڵێت، "ئەو قسەیە لە راستییەوە دوورە. هەولێر 10 ساڵ لەمەوپێش لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی بیانییەوە بۆ ماوەی 25 ساڵ ماستەرپلانی بۆ دانراوە کە زۆر رێکوپێکە و هیچ کێشەیەکی نییە. رەنگە کێشە لە جێبەجێکردنی ماستەرپلانەکەدا هەبووبێت".
 
لە لافاوەکەی رۆژی هەینیدا 12 کەس مردن کە تەرمی دووانیان نەدۆزراوەتەوە، تەنیا لە قووشتەپە زیاتر لە 50 سەر ئاژەڵ تیاچوون و نزیكەی 200 ماڵ و 50 دووکان ژێرئاو كەوتوون، سەتان ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە.